هەڵکشانی نرخی دۆلار و دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی، قەیرانێکی گەورەی لە بەردەم کۆماری ئیسلامیی ئێران ساز کردوەو بۆتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێ لە خۆپێشاندانەکان لە ئێران.
رۆژی ڕابردوو ٤ی پووشپەڕ لە چەند گەورەشاری ئێران وەکوو تاران و تەورێز ومەشهەد، بازاڕییان و کاسبکارانی ئەو شارە لە دژی گەندەڵیی ماڵی وگرانی ، دوکان وبازاڕیان داخست.
لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران کە دەگەڕیتەوە بۆ سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە، بەرپرسانی ڕێژیم بە سەرشێواوییەوە کەوتونەتە یەکدی تاوانبار کردن .
بەشێک لە ڕەخنەگرانی دەوڵەتی روحانی ، کێشە ئابوورییەکان و گرانی نرخی دۆلار یان بۆ ناکارامەیی و هەرەس هێنانی بەرنامە ئابوورییەکانی دەوڵەتی روحانی گەڕاندۆتەوە.
کەواکبیان نوێنەری خەڵکی تاران لە مەجلیس، ڕایگەیاند، دەبێ ڕوحانی و دەوڵەتەکە لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا وڵامدەر بن، ٢٠ رۆژە بۆ بێدەنگییان ڕاگرتووە!.
هەروەها ئەو نوێنەر گوتوویەتی: هێندێک کەس دەڵێن روحانی بە ئەنقەست نیزام بەرەو هەڵدێر دەبا.
لە لایەک دیکەش هەواڵدەریی “تسنیم” بڵاوی کردەوە کە حەسەن روحانی بڕیاری ئاشکرا کردنی ناوی کەسانێک وا دۆلاری ٤٢٠٠تمەن”یان بە بیانووی جۆراجۆر لە بانکەکان وەرگرتووە داوەو، پێشتریش لەو بارەوە هەڕەشەی کردبوو.
دەگوترێ ڕووی قسەی روحانی مافیای سپای پاسدارانە، کە بەشێکی بەرچاو لە ئابووریی ئێران لە ژێر چەپۆکی ئەوان دایە.
هەروەها “باقر نەوبەخت” وتەبێژی دەوڵەت، لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانی دۆلار داوای کردووە، کە ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، دۆلار هاوردەی ئێران بکەن و، خەڵکی نێوخۆش زێڕ و پارەکەنیان بخنە بازاڕەوە، پێویست بە گوتنە؛ ماوەی لەمەوپێش یەكێک لە کوڕەکانی “نەوبەخت” بە تۆمەتی گەندەڵیی ماڵی وسیخوڕی کردن، لە لایەن “ساس” ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کراوە.
لە درێژەی یەکتر تاوانبار کردنی بەرپرسان و باڵەکانی نێو ڕێژیم، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە باڵی بناژۆخواز و سپای پاسداران ناڕاستەوخۆ لە پشت خۆپێشاندانەکان بەدژی دەوڵەتی روحانی، بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران باڵی بناژۆخواز گوشارەکانیان زیاتر کرد.
شیاوی باسە بە وتەی ‘ذالنور” نوێنەری شاری قوم، کەسوکارو مناڵانی زۆربەی بەرپرسانی رێژیم بە پارەی خەڵکەوە لە سەردەمی “ئۆباما” مافی هاووڵاتی ئامریکاییان پێدراوەو، دەبێ ئەو بڕە پارە کە لە ئێران چووتە دەرەوە روون بکرێتەوە.