ناڕەزایەتییەکانی ئەمرۆ دووشەممە ٤ی پووشپەر بە شێوەی بەربڵاو لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە دوکاندارانی چەندین بازاڕی گرینگی تاران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهبەر گرانی و هەڵکشانی نرخی دۆلار و دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی، تێکڕا دوکان وبازاڕیان داخست.
دوای داخستنی دوکان وبازاڕ، خۆپێشاندانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە بەردەم مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ، بۆ بەهۆی داخستنی مەجلیس و، هەروەها لە نێوان خەڵک و هێزە ئینتزامییەکان دەرگیری وتێکهەڵچوونی رووی داوە.
دوای شاری تاران، لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش وەکوو ،مەشهەد و تەورێز و قشم وشیراز، خەڵک ڕژانە سەرشەقام.
هەروەها شاری کرماشانیش پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ دووشەممە خەڵکی ئەوشارە بەدژی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی و، خۆپێشاندانیان بەڕێوە برد.
لە خۆپێشاندانەکانی ئەمرۆ، خەڵکی ناڕازی، راشکاوانە بە دژی رێژیم دروشمیان داو، خوازیاری سەرنگۆنی ئەو رێژیمە بوون.
میدیاجیهانییەکان بەڕووماڵکردنی هەواڵەکانی تایبەت بە ئێران، هەواڵی تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە سەرکوتکەرەکانیان بڵاوکردەوە.
هەواڵدەریی ئاسوشیتێدپرێس، بەبڵاوکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی تاران، باسی لە نالەباری ئابووریی ئێرانی کرد لە سایەی ڕێژیمی نابەرپرسیاری کۆماری ئیسلامی و هەروەها تلەویزیۆنی فاکسنیۆزی ئامریکاش بەوردی خۆپێشاندانی شارەکانی ئێرانی بڵاوکردەوە و باسی لە قەیرانەکانی ئێران کرد.
لە لایەک دیکەش دەمڕاستەکانی نیزام سەرلەنوێ وەخۆکەوتن بۆ ئارام کردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی ئێران و بە نیگەرانییەوە، وادەوبەڵێنیان دووپات کردەوە.
هێندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم دەستی دەرەکیی بەهۆکاری ناڕەزایەتییەکان دەزانن و چەند نوێنەری مەجلیسی ئێرانیش ناکارامەیی دەوڵەت لە چارەسەر کردنی گرفتەکان بەهۆکاری ناڕەزایەتییەکان لە قەڵەم داوە.