دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە ٦ی پووشپەرێ ١٣٩٤ی هەتاوی، پرسە و کۆڕیادێک بۆ شەهید مەنسووری ئاروەند، لە لایەن کۆمیتەکانی سوئێد و وێسترۆسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵەی ئەوە شەهیدە لە شاری ” وێسترۆس” پێکهات.
سەرەتای کۆڕەکە بە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستیپێکرد. پاشان خولەکێک بێدەنگیی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهید مەنسوور و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان راگەیەندرا.
دواتر پەیامی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ئێعدام کرانی مەنسووری ئارەوەند لە لایەن کاک حەمەدەمینی رەشیدییەوە خوێندرایەوە.
ئەمجار بەڕێز کاک خالیدی عەزیزی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان وتارێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کردو لە وتارەکەیدا کاک خالید ویڕای مەحکووم کردنی ئێعدامی لاوانی کورد لە لایەن رژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە، باسی پەرتەوازەیی و ناهاودەنگیی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و ئەوەی وەک خاڵێکی لاواز دەستنیشانکرد و هیوای خواست کە ئەم کەلێن و کەمایەسییە، بە هاوکاری و هاودەنگیی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پڕبکرێتەوەو قۆناغی پەرتەوازەیی و لێک دووربوونی ئەم هێزانە تێپەڕێت.
پاشان تێکۆشەری ناسراوی گەلەکەمان بەڕێز مەلا محەمەدی جوانڕۆیی لە وتارێکدا باسی پێویستیی هێنانە رووی کێشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و گوتی: دوای ئەوەی سێ بەشی کوردستان هەریەکە بە چەشنێک لە رۆژەڤی سیاسەت و رووداوەکانی دنیادا هەن و باسیان دەکرێ، ناکرێ رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەڕاوێزدابێ و باسی نەکرێ. ئەمکارەش لە پێشدا هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی ئەم بەشەی کوردستانی پێویستە و دواتر هاوپشتی و یارمەتی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەخوازێ.
وتاری بنەماڵەی شەهید مەنسوور ئاروەند، لە لایەن کاک ئەبوبەکری حەسەن سوورییەوە خوێندرایەوە و ویڕای سپاس لە بەشداری و هاوخەمیی خەڵک کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە پرسە و کۆڕیادی شەهید مەنسووری ئاروەند دا، هیوای خواست کە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان حەول بۆ لێک نیزیک بوونەوەو دامەزرانی بەرەیەکی کوردستانی بدەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕیادەکەدا مامۆستا ئاشق وتارێکی کورتی دا و دوو شێعریشی کە یەکیان تایبەت بۆ مەنسووری ئاروەند بوو و ئەوی دیکەش بۆ هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان خوێندەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە چەندین ڕێکخراوی کوردستانی و کەسایەتیش برووسکە و پەیام و وتاریان پێشكەش کرد کە بریتی بوون لە:
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی ستۆکهۆڵم. وتار
رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێران، کۆمەڵە. وتار
پارتی دێموکراتی کورد لە سوریە، ئەلپارتی. وتار
کۆمەڵەی کوردی لە وێسترۆس. وتار
نەوەی نوێی کورد لە سوئێد. وتار
یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان. برووسکە
بزووتنەوەی گۆڕان. برووسکە
پژاک. برووسکە
پرسە و کۆڕیادەکە کاتژمێر ١٩ کۆتایی پێهات.