سەرلەبەیانیی رۆژی پێنج شەمە ٢١/٦/٢٠١٨ بە بەشداری یەکیەتیی لاوان و رێکخراوەکانی ئەندام لە کۆمیتەی مەدیتەرانەی لاوانی ئینتێر ناسیۆناڵ سوسیالیست و بە سەرپەرەستی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا، کۆنفڕانسی “رۆژهەڵاتی نێوەڕاست” لە وڵاتی ئیتالیا دەستی بەکارەکانی کرد.
کۆنفرانس لە لایەن ئانا پیرت شکالاڤا سکرتێری گشتی لاوانی ئینترناسیۆناڵەوە دەستی پێکرد، پاشان ماتیا زونیۆ وەک خانەخوێ و سەرۆکی گەنجانی دێموکراتی ئیتالیا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.
سکرتێری گشتی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ باسێکی گشتی سەبارەت بە کۆنفرانس، شێوازی بەرێوە بردنی کۆنفرانس و هەروەها پانێلەکانی کۆنفرانس پێشکەش کرد.
شاندی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان هوومەن سەعدیە، نوێنەری یەکیەتیی لاوان لە لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست و، خاتوو سیلڤانا بایزیدپوور، لە کۆمەڵێک پانێلدا هەوڵیان دا باسەکانی تایبەت بە کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستانی بکەنە رۆژەڤ.
یەکەم پانێلی لاوان باسێک بوو لەسەر دۆخی کورد و رۆلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین و، هەروەها کورد وەک فاکتۆرو نموونەیەکی سەرکەوتوو لە سەقامگیری دێموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناویندا رۆلی هەبووە و، ئاماژە بەوە کرا کە بە هێز بوونی کورد لە ناوچەدا نەک بە زەرەری هیچ وڵاتێک نیە بەڵکوو لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دا هەیە.
خەباتی دەیان ساڵەی کورد بۆ ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی نیشانێکی بەرچاو، لە ئاشتیخوازی و دێموکراسیخوازی گەلی کوردە.
پانێلی دووهەمی باسەکانی لاوان لە کۆنفرانسی لاوانی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست دا تایبەت بوو بە کۆماری ئیسلامی ئێران و رۆڵی نەرێنی ئەم ولاتە لە رۆژهەڵاتی ناوین دا. لە پانێلەکەدا باس لەوە کرا کە ئێران بۆ دوور راگرتنی شەر لە ناو سنوورەکانی ئێران دا. دەستێوەردانەکانی ئێران لە یەمەن، لوبنان، فەلەستین، سووریا و عێراق.
پانێلی سێیەم باسێکی ورد بوو لە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی ئابووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاماری بێکاری لە پارێزگاکانی رۆژهەڵات.
پرسی زیندانیانی سیاسی و شێوازی رەفتاری رێژیم بە نسبەت بەندکراوانی کورد، و بەرز بوونی سزای سێدارە لە ناو بەندکراوانی کورد.
مافەکانی گەلی کورد و مافی دیارەکردنی چارەنووس لە لایەن گەلی کوردەوە پرسێکی دیکە بوو کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پانێلەکانکدا باسیان کرد.
بەشێک لە بەرنامەکانی کۆنفرانس تەرخان کرابوو بە باس لە سەر کاری رێکخراوەیی، سازماندهی و بەرێوەبردنی چالاکی بوو کە لە لایەن رێکخراوی لاوانی سۆسیالیستی سۆئێدەوە پێشکەش کرا و لەوێدا باس لە کێشەکانی کاری رێکخراوەیی سیاسی کرا.
لە کۆتایی رۆژی یەکەمی کۆنفرانسدا کۆمیتەی ئامادەکاری بەیانامەی کۆنفرانس دیاری کران کە یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوو لە کۆمیتەکەدا و بەشێک بوو لە تیمی دارێژەری بەیانامەکەی کۆنفرانسی مەدیتەرانە و رۆژهەڵاتی ناوینی لاوانی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست.
شایانی باسە رۆژی هەینی ٢٢/٠٦/٢٠١٨ رۆژی دووهەم و کۆتایی کۆنفڕانس شاندی یەکیەتیی لاوان، هاوڕێ لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکە بانگهێشتی پاڕلەمانی ئیتالیا کران و لەوێش کۆمەڵێک باس و بابەتی تایبەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کورد لەو نیوەدا و ئێران وەک وڵاتێکی کێشەساز ، لەگەڵ نەتەوەکان هاتنە بەرباس.