رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦-٦-٢٠١٥ لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆمیتەی شاری ئامستێردامی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، هەیئەتێکی کۆمیتەی هولەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان سەردانی دەفتەری ئەو کۆمیتەیەیان کرد. ئەندامانی کۆمیتەی حیزب بریتی بوون لە: هاورێیان،رەزا محەممەدئەمینی،موحسین بەرخانەو ڕەوەز موحەممەد ئەمینی کە لەلایەن بەرێزان عەبدولقەهار هەولێری بەرپرسی کارگێری رێکخراوی ئامستردام و هەیئەتێکی هاوڕێیەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
لەو دانیشتنە دا کە زیاتر لە سەعاتێکی خایاند، هاورێیانی کۆمیتەی حیزب باسەکانی پێوەندیدار بە کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و مەترسییەکانی سەر ئەزموونی حکومەتی کوردستان و رۆڵی تێکدەڕانەی کۆماریی ئیسلامیان هێنایە بەر باس و گفت و گۆ. لە تەوەرێکی دیکەی باسەکاندا چۆنیەتی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب و رێکخراوی پارتی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی هۆلەند تاو وتوێ کران.
شاندی خانەخوێش وێرای باس لە کێشە هەنووکەییەکانی کوردستان و هێرشی بەربڵاوی تێرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردستان و رۆڵی پارتی لە پێوەندی لەگەڵ خەبات لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان،پێداگر بوون کە تەنیا بە یەکگرتوویی هێزە کوردستانییەکان دەکرێ هەرەشە و مەترسییەکانی دوژمنان پوچەڵ بکەینەوە.
شایانی باسە لەبەشی کۆتایی ئەم دانیشتنەدا ڕاو و بۆچوونی حیزبە هۆلەندییەکان، بەتایبەت ” sp و pvda ” سەبارەت بە کێشەی کوردو کوردستان و کێشەی پەنابەڕان باس و ڕاوێژیان لەسەر کرا.