رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتاری نوێژی جەژنی رەمەزاندا تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووریی ئێران و سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەمریکای بە شەڕی دەروونی و پیلانێک وەسف کرد بۆ گوشار خستنەسەر جەماوەری ئێران لەڕووی ئابوورییەوە. داوای لە هاووڵاتیانی ئێرانیش کرد سەفەری دەرەوەی وڵات نەکەن.
لە گوتەکانیدا عەلی خامنەیی ، رێبەری ئێران داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد کە هەنگاوبە هەنگاو و بە جدییەتەوە کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکات. بەڵام زیاتر رووی قسەی لە جەماوەری ئێران بوو و گوتی جەماوەر دەبێ دەستپێوەگر بن و پارە نەختەکان دەبێ لە ئابووریی وڵاتدابکەوێتەگەڕ.
رێبەری ئێران بەتایبەت ئاماژەی بە سەردانکردنی ئێرانییەکان بۆ دەرەوەی وڵات کرد و گوتی: “کۆمەڵێک لە جەماوەری ئێران زۆر بۆ گەشتوگوزار دەچنە دەرەوەی وڵات و دەبێ واز لەو خووەیان بهێنن”. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە مەبەستی گەشتکردن بۆ حەجکردنیان زیارەتی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە دەرەوەی ئێران نییە.
پێشتریش وەلیوڵڵا سەیف سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران گوتبووی ، ئێرانییەکان زیاد لە ئاستی ئاسایی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن بەبێ ئەوەی ئاماژە بە پێوەری ئاستی ئاسایی بۆ سەفەرکردن بکات.
لە ماوەی رابردوودا بە پەسەندکردنی دوو یاساش ، حکومەتی ئێران گوشارەکانی بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بە نیازی سەفەرکردنن بۆ دەرەوەی وڵات ، زیاد کردووە. یەکەم لە بودجەی ئەمساڵی ئێراندا هاتووە کە ئەو کەسانەی لە سنوورەکانی ئێرانەوە دەچنە دەرەوە لەیەکەم چوونەدەرەوەدا 220 هەزار تمەن لە جاری دووەم 330 هەزار و لە جاری سێیەم و سێیەم بەولاوە دەبێ 440 هەزار تمەن باجی چوونەدەرەوە بدەن. هەروەها بە بڕیاری گومرکی ئێران ئەو کەسانەی لە ئێران دەچنە دەرەوە بۆیان نییە لە 5 هەزاریۆرۆ زیاتر دراوی بیانی لەگەڵ خۆیان ببەن.