ڕۆژی هەینی ٥ی پووشپەڕ ٢٦-٦-٢٠١٥ بە مەبەستی مەحکووم و شەرمەزار کردنی ڕژیمی ئیسلامی ئێران و لە سێدارەدانی ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی گەلەکەمان بەتایبەت لە سێدارەدانی لاوی قارەمان و خۆڕاگری کورد مەنسور ئاروەند، خۆپیشاندان و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە لایەن کوردانی دانیشتووی شاری وییەن پایتەختی ئوتریش لە نێوەڕاستی ئەو شارە پێک هات.
سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سرودی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی سەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن دوکتر عەلی مازوجی وتارێک سەبارەت بە سیاسەتی دژی مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت سیاسەتی دژی کوردانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامادە بووان پێشکەش کرا.
پاشان لە لایەن ئاسۆ پیرۆتی،یەوە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە پێشکەش کرا. حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیە بەشداربووەکانەوە وتار و پەیامی سەرەخۆشی پێشکەش بە بنەماڵەی مەنسور ئاروەند هەموو خەڵکی کوردستان کرا و لە سیدارەدانی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە لایەن ئەو ڕژیمەوە مەحکوم کرا. جێگەی ئاماژەیە کە سەدان لاپەرە لەو نووسراوەی کە سەبارەت بە ئێعدامی مەنسوور ئاروەند بە دوو زمانی ئاڵمانی و ئینگلیزی نووسرابوون لە نێو خەڵکی ئەو شارە و ڕێبوارانی ئەو شەقام و گۆڕەپانە دا دابەش کرا و بە بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهید مەنسور ئاروەند ناڕەزایەتی خۆیان دز بە سیاسەتی دژی مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی نیشاندا.