لە درێژەی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران شیرکەتی مەزدای ژاپۆن و هیۆندای کۆرەی باشوور گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
وەلی مەلەکی، ئەندامی کۆمسیۆنی پیشەسازیی مەجلیسی ئێران بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە: “٢ شیرکەتی بەرهەمهێنەری مەزدای ژاپۆنی و هیۆندای کۆرەی باشوور ڕایانگەیاندوە بەو هۆیەی لە ئەمریکا چەندان بەرانبەری ئێران قازانج دەکەن، بۆیە واز لە ئێران دەهێنن و گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە”.
گرووپی “بەهمەن” گرووپێکی دابینکەری خزمەتگوزاری و هاوەردەی کەلوپەلی هەر ٢ کۆمپانیای مەزدا و هیۆندا لە ئیران بووە، کەوتووەتە بەر سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا و گرێبەستەکانی لەگەڵ ئەو ٢ کۆمپانیایە هەڵوەشاندوەتەوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا نیزیکەی یەک مانگ لەوەپێش بە ڕەسمی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە و بەپێی ئەو بڕیارەی ترامپ، گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ دەکرێ.
پاش بڕیاری ئەمریکا، چەندین شیرکەتی گەورە و نێودەوڵەتی کار و چالاکییەکانیان لە ئێران ڕاگرت، یەک لەوان شیرکەتی ئۆتۆمبێلی پێژۆی فەرانسە بووە.
هەرچەند یەکیەتیی ئورووپا هەوڵەکانی خۆی خستووەتەتە گەڕ کە شیرکەتە گەورەکان گەمارۆکانی ئەمریکا نەیانگرێتەوە، بەڵام ئەمریکا هیچ وڵامێکی ئەو داواکاریەی یەکیەتیی ئورووپای نەداوەتەوە.