بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سەبارەت بە جێبەجێ كردنی بەڵێنەكانی خۆی یەكلا بكاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەكیەتیی ئورووپای ئاگادار کردەوە کە بە زووترین كات خۆی بۆ جێبەجێ كردنی داخوازییەكانی ئێران بۆ مانەوە لە رێكەوتنی ئەتۆمی یەكلایی بكاتەوە.
بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی ئێران لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی حەوتووانەدا یەكیەتیی ئورووپای ئاگادار کردەوە كە كارتی زۆری بە دەست نەماوە و دەبێ بە خێرایی بڕیار لەسەر جێبەجێ كردنی داخوازییەكانی ئێران بۆ مانەوەی تاران لە چوارچێوەی رێكەوتنی ئەتۆمی بدا.
قاسمی دەڵێ بە كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ئەتۆمی، ھێشتا ھیچ كۆمپانیایەك تووشی گرفت نەبووە و بەڵام یەكیەتیی ئورووپا دەبێ پەلە بكا و لەو بارەوە بە ڕوونی هەڵوێستی هەبێ.
پاش كشانەوەی ئەمریكا و سەپاندنی گەمارۆی نوێ بەسەر تاراندا، یەكیەتیی ئورووپا لەگەڵ تاران بۆ پێوەندیی بازرگانی رووبەرووی گرفت بۆەتەوە.