دیسان پەروەندەی مردنی گوماناوی ڕەفسەنجانی وەگەڕ خرایەوەو ڕاوێژکارانو نیزیکەکانی گومانی کوژرانی “ڕەفسەنجانی’یان هەیە.
دۆینێ شەممە 19ی خەرمانانی 1397، غوڵامعەلی ڕەجایی، ڕاوێژکاری هاشمیی ڕەفسەنجانی، لە پێوەندی لەگەڵ مردنی ناوبراودا گوتی: “دەزانم کە شتێک ڕوویداوەو، مردنی ڕەفسەنجانی نە بەهۆی جەڵتەوە بووە ، نە مردنەکەی مردنێکی ئاسایی بووە، بەڵام من کەسێکی شارەزا لە بوواری ئەمنییەتی نیم کە بتوانم بابەتەکە شی بکەمەوەو نە زانیارییەکی ئەوتۆم لەبەر دەستدایە، تەنیا ئەوە دەزانم کە لە پێوەندی لەگەڵ مردنی ناوبراو شتێک ڕوویداوە”.
هەر لەو پێوەندییەدا “یاسر هاشمیی” کوڕی ڕەفسەنجانی پێشتر لە بەدواداچوونەکانی شوڕای باڵای ئەمنییەتی سەبارەت بە مردنی باوکی پشتڕاست کردەوە و ، سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو وتی: ئەو پەروەندەیە کە لەلایەن شوڕای باڵای ئەمنییەت داخرابوو، بەڵام لە لایەن حەسەن ڕوحانی بۆ بەدواداچوونی زیاتر کرایەوە.
غوڵامعەلی ڕەجایی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ” لە هاوسەری ڕەفسەنجانیم بیستووە کە ١٠ ڕۆژ پێش مردنی بە ناوهێنانی کەسانێک وتوویەتی کە ڕۆژێک دادێ کە دەمکوژن”
لە دوای مردنی گوماناوی ڕەفسەنجانی لە مانگی ڕێبەندانی 1395ەوە تا ئێستا بنەماڵەکەی چەندجارێک بڵاویان کردۆتەوە کە ناوبراو بە مردنی ئاسایی نەمردووەو تەنانەت دەشزانین کە بە جەڵتەش نەمردوەو گومانی کوژرانیمان هەیە.
پێویست بە گوتنە، لە پێوەندی لەگەڵ مردنی ڕەفسنجانی دەنگۆی ئەوە هەیە کە بە پێی هێندێک زانیاریی کە لە وەزارەتی ئیتلاعات دزراوە، باس لەوە دەکرێ کە گوایە، ڕەفسنجانی لە کاتی مەلە کردن لە مەلەوانگەی سەعادەتئابادی تاران خنکێندراوەو، لەو پێوەندییەش مێهدی خەزعەلی یەکێک لە بەرپرسانی دەفتەری سەرۆکكۆماری لەسەردەمی خامنەیی و ڕەفسەنجانی ڕایگەیاندوە کە تاقە وێنەیەک و هەواڵێک لە نەخۆشخانە نەهاتووتە دەرو تیمی پارێزەرانی کە سەر بە سپای پاسداران هیچ زانیارییەکیان لەکاتی رووداوەکە باس نەکردووە.