له درێژه‌ی ئیعتراز و ناره‌زایه‌تیی باڵی بناژۆخواز به ڕه‌شنووسی پێوه‌ندی‌دار به جێبه‌جێ کردنی چوارچێوه و یاساکانی گرووپی ماڵیی(FATF) ، به‌شێک له مه‌لاکانی قوم له به‌رده‌م ده‌فته‌ری عه‌لی لاریجانی سه‌رۆکی مه‌جلیسی ئێران گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تتیان به‌ڕێوه‌برد و، هه‌روه‌ها فڕاکسیۆنی بناژۆخوازان له مه‌جلیس ده‌نگی نه‌دا به لایه‌حه‌ی “په‌یوه‌ست‌بوون به کۆنوانسیوونی دژبه پشتیوانی کردنی ماڵیی تێروریزم”(FATF) و، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 20ی جۆزه‌ردان له مه‌جلیس ئێران سه‌ر له‌نوێ خرایه به‌رباس.
به پێی میدیاکانی ئێران دژبه‌رانی ئه‌و کۆنوانسیوونه هه‌رچه‌شنه په‌سندکراوێک له مه‌جلیس له‌و باره‌وه به سووکایه‌تی به نیزام ده‌زانن و له باوه‌ڕه‌دان که ئه‌وه “به‌رجام”ی ماڵییه.
هه‌روه‌ها گرووپی مامۆستایانی حه‌وزه‌ی عیلمیه‌ی قوم، شه‌وی شه‌ممه19ی جۆزه‌ردان له گه‌ڵ سه‌رۆکی مه‌جلیسی ئێران کۆبوونه‌وه‌و نیگه‌رانی خۆیانیان له‌و باره‌وه خستووته‌ڕوو.
شیاوی باسه، پێدواچوونه‌وه به قانوونی سپی کردنی پاره” و ، هه‌روه‌ها “په‌سندکراوه‌کانی دژبه پشتیوانی کردنی ماڵیی تیرۆریزم” له مه‌جلیسی ئێران تاوتوێ ده‌کرێن، به‌ڵام باڵی بناژۆخواز به توندی له‌و باره‌وه هه‌ڵوێستی هه‌یه و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه.
جێی ئاماژه‌یه ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش لایه‌حه‌ی په‌یوه‌ست‌بوون به کۆنوانسیوونی دژبه تاوانه ڕێکخراوه‌کان”پالرمو” له مه‌جلیس شورای ئیسلامی ده‌نگی هێناو په‌سند کرا، به‌ڵام شوڕای نیگهبان بۆ پێداچوونه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ گه‌ڕاندویه‌وه بۆ مه‌جلیس.
نیگه‌رانی بناژۆخوزان له په‌یوه‌ست‌بوونی ئێران به “کۆنوانسیوونی دژ به پشتیوانی کردنی ماڵیی تیرۆریزم” بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه که به پێی ئه‌و کۆنوانسیوونه ئێران چیتر ناتوانێ یارمه‌تیی ماڵیی حزبوڵڵا و حه‌ماس و گرووپ و میلیشاکانی دیکه بکات له ناوچه.
کونوانسیوونی دژ به پشتیوانی کردنی ماڵیی تیرۆریزم یه‌کێک له گرێبه‌سته‌کانی ڕێکخراوی وڵاته‌یه‌کگرتووه‌کانه به مه‌به‌ستی پاڵنه‌ری و هاوکاری کردنی وڵاتان بۆ پچڕاندنی سه‌رچاوه ماڵییه‌کانی تیرۆریزم و له ساڵی 1999ی زایینی په‌سندکراوه و تا ئێستا 187وڵات ئه‌و په‌سندکراوه‌یان واژۆ کردووه.
دژبه‌رانی ئه‌و کۆنوانسیوونه له ئێران، نیگه‌ر‌انییان ئه‌وه‌یه که چیتر ئێران نه‌توانێ به ئاسانی یارمه‌تی گرووپه تیرۆریستییه‌کان بدا له ناوچه.
هاوکات له‌گه‌ڵ ناکۆکی نێو باڵه‌کانی رێژیم له‌سه‌ر گرێبه‌ستی FATF)) نوێنه‌رانی فڕاکسیۆنی “جبهه‌ی پایدار”ی له ڕاگه‌یانراوێک‌دا ، له سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی مه‌جلیس داوایان کردووه که ده‌نگ به ڕه‌شنووسی په‌یوه‌ست‌بوونی ئێران به کونوانسیۆنی دژ به پشتیوانی ماڵیی له تیرۆریزم” نه‌ده‌ن.
له ڕاگه‌یانراوی باڵی بناژۆخواز هاتووه، که به په‌سند کردنی ئه‌و گرێبه‌سته ده‌ستی یارمه‌تی گه‌یاندنی ئێران به حزبوڵڵای لوبنان کورت ده‌بێته‌وه‌و به چه‌شنێکی دیکه گه‌مارۆ ده‌خرێته سه‌ر کۆماری ئیسلامی به‌تایبه‌تی ڕێکخراوه گرینگه‌کان وه‌کوو سپای پاسداران ده‌گرێته‌وه و له ئاکام‌دا ده‌بێته هۆی ناردنی سه‌رله‌نۆی په‌روه‌نده‌ی ئێران بۆ دادگای لاهه و شوڕای ئاسایشی ڕێکخراوی وڵاته یه‌کگرتووه‌کا.
شیاوی باسه حزبوڵلای لوبنان له لایه‌ن ئامریکا، هوله‌ند، یه‌کیه‌تیی عه‌ره‌ب و ئیسراییل به گرووپی تیرۆریستی ناسراوه‌و یه‌کیه‌تیی ئورووپاش لقی نیزامی ئه‌و گرووپه به تیرۆریست ده‌زانێ.