زامێکی هەمیشە سەوز!
کات چ زوو پیر دەبێ و ساڵ چەندە بە پێی پەتی بە دەورماندا دەسورێتەوە، ڕەنگ و سێبەری تەمەن هەڵدەکشێ ،بەلام زۆر برین و زامی دڵ تا هەڵوەرینی ڕووحی مرۆف لەگەڵمان دەمێنەوەو چرۆیان هەمیشە سەوز و تەڕ دەبێت.
لەبیرمە وەک یەکێ لە زامدارترین بیرەوەریەکانی ژیانم، بۆیەکەم جار تام و بۆنی مردنم چێشت، ڕەنگی مردنم لەسەر چاوە پڕ هیواکانی تۆ دیت ، بۆنی مردنم لەناو دەستە ئاڵتونیەکانی تۆدا هەست پێدەکرد. قەدەرێکی سەیر بوو سەیر. هەر ئەوکات باوەرم کرد کە مردن هەیەو مرۆف دەتوانی ئازیزترین کەسی ژیانی بسپێریت پێی، بەلام ئەوەندە دەزانم هیج بۆن و بەرامێ بەقەدەر بۆن و بەرامێ مردن وێران ناکا ،ژیان و خەیاڵ و تەمەنی ئینسان هەڵ نا پڕوکێنێت، لەگەڵی ڕادێین بەڵام چ راهاتینی قەت پیر نابێ ئەم وەرزی مەرگە، هەمیشە بە سەوزی دەمێنێتەوە ،ئەم زامە١٠ ساڵ لەمەوبەر چاوەڕێ نیگای کزو پڕ هیوات بووم، لەو دیو پەنجەرەکەوە لەپشت پەردەکەوە بەدزیەوە سەیرم دەکردی کە ئاخۆ تۆ کە دەزانی ئیتر دەچیتە خەوێکی قوڵەوە چۆن دەروانیە ئاسمان و ژیان، ئەوکات نیگا ت لەهەموو کات و سات هیوای بڵیند تر بوو، چەندە قوڵ بوو ئەم زامە هەمیشە سەوزە و هەمیشە پڕ ئێشە.
کاتی پێڵاوەکانتیم گرتنە دەست، لەبیر مە وتت نامهەوێن نا ، منی خانە وێران لەم وشەی تۆ خۆم دەدزیەوە نەم دەویست کە تۆ باوەر بە من بێنی ئیتر تۆ جارێکی تر پێیەکانت ناخەیتەوە سەرزەوی کەسی من.
دوا فرمێسک لەبیر مە، لە چاوی چەپیت قەتیس مابوو، دوا جار وتیت قومێ ئاوی ساردم دەیە ، لەگەلم پێکەنی وتوند تود دەستیت گوشیم ، دەزانی وتیت چی، نەچی بگری ئەمە قەدەرە، ئای لەو قەدەرە جەرگ بڕە.
تۆ لە ئێوارەیەکی وەک ئەم ئێوارەیە ،لەسەر تەختی نەخۆشخانە ورد ورد سارد بویەوە ، دوا باوەشیت دەت کوت کلوو بەفری زستانی قەندیل سڕو خۆراگرە ،هیوا بە ژیان و ڕزگاری زێدەکەت هەر لە سیلە ی چاوەکانتا هەڵنەوەریبوون،لە دوا ساتی ژیان تێڕادەمای بە مشتی بزەو کۆلی هیواوە یەک یەکەمانت دەدواند.
بابەگیان ئەمرۆ یاد ی مالاوایی تۆیە لەدوای خۆت گەورەترین سەرمایەیی ژیانت، واتا خەباتی پڕ لە ئیرادە، شۆڕشگێر و ئیمانت بۆ ئێمەو هەزارانی وەک ئێمە جێ هێشت .بیرەوەریەکانی تۆ شایەدیی ئەو ڕاستیەن کە ئێمە پێیان سەر بڵیندین، چەندە هەست بە شانازی دەکەم کەتۆ باوکی من بووی ،تا بڵێی کوردو نیشتیمان پەروەر بوویت، پڕ لە بیر کردنەوەو خەیاڵی جوان ، مرۆفێ بە مانای وشە ئازادی خواز، یەکسانی خواز و دێموکرات.
ڕوحت شاد پیاوە هەمیشە سەوزەکەی ژیانم، ئارامگەت ئارام باوکە جوان و مهیرەبانەکەم، گۆڕت پڕ لە نور مامۆستا خوێن شیرین و قسەخۆشەکەم.
تێبینی.
کتێبی بیرەوەریەکانی باوکم کە بە هاوکاری هەموو لایەک ،بەتایبەتی ئالانی براو خۆشەویستی باوکم چاپ بوو، سپاس بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لە بیرەوەیەکانی باوکماندا هاوکارمان بوون تاکو کۆیان کەینەوە و دوای خۆی تەمنی زێرینی ئەو و بەشێک لە بیرەوەریەکانی بخەینە سەر خامە.
ماڵاوا شاپەری باڵی خەیاڵم،
ماڵاوا باڵندە کۆچەریەکەی من،
ماڵاوە ئەی دۆستی هەمیشە میهرەبانم بابە گیان.