سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان بۆ جارێکی دیکە لە ناوچەی کێلێی سەردەشت پێکهەڵپڕژان و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئاکامی ئەو تێکهەڵجوونە کوژراو و بریندار هەیە.
بە پێی تۆمارە دەنگێک کە لە سەردەشتەوە بە دەستمان گەیشتووە، ئەم ئێوارە ١٥ی جۆزەردان لە سنووری کێلێی سەردەشت سەرلەنوێ لە نێوان سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان شەڕ و پێکدادان رووی داوەو گوایە لەو تێکهەڵچوونە لە هێزەکانی هەردوولا کوژراو و بریندار هەیە و، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک ئەم دوویەمین تێکهەڵچوونە کە نێوان سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان رووی داوە.
بە وتەی هەواڵنێری “کوردستان وکورد” ئەمشەو دۆخی ئەو ناوچەیە ئاڵۆزەو ماشین و ئامبۆلانس بەرو شوێنی دەرگیری وەڕێکەوتوون.
شیاوی باسە نیزیک بە مانگێک لەمەو پێش دیسان لە ناوچەی سەردەشت هێزە چەکدارەکانی رێژیم تەقەیان لە یەکتر کرد و لە ئاکامی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە دووکەس کوژراون و نیزیک بە چوارکەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.
هەروەها جێیئاماژەیە کە ناوەندە ئەمنییەکان و ڕاگەیاندنەکانیان کوژراوانی ئەو دەرگیرییانە لە ئەستۆی دژبەرانی رێژیم و هێزی پێشمەرگە دەخەن کە هەر لەو پێوەندییەش چەند رۆژ لەمەوپێش سەبارەت بە کوژرانی سەربازێکی خەڵکی تەورێز بەناوی حامید محەممەدی کە بە شێوەی گوماناویی لە ناوچەی سەردەشت گیانی لە دەست دابوو، سپای پاسداران، حیزبەکانی کوردستانی لەو بارەوە بە تاوانبار زانی.
ئەو درۆ و دەلەسەی سپا لە کاتێکدایە کە لەم ماوەیەدا هیچ یەک لە حیزبە کوردییەکان باسیان لە جموجۆڵی پێشمەرگانەو تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم نەکردووە.