لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیی تەلەڤزیۆنی رووداودا کە رۆژی پێنجشەممە ٤ی پووشپەڕ لەگەڵ سێ بەرپرس لە سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتبوو، تیشک خرایە سەر مەسەلەی جێگیرکردنی هێزەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر سنووری رۆژهەڵات و ئەگەری چالاککردنەوەی خەباتی چەکداری و باسە پێوەندیدارەکان بەو مەسەلەیەوە.
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەلایەن حیزبی دیموکرات و جێگیرکردنی هێزەکانیان لەسەر سنوور چ گەرەنتییەک هەیە، کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپبارانی سنووری هەرێمی کوردستان نەکات، مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان گوتی” لە کاتی هەبوونی پێشمەرگەکانمان هیچ گەرەنتییەک نییە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و سنووری هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت، دەستەوەستان بووەستین لەترسی روودانی ئەو ئەگەرانە”.
دەربارەی پشتگیریکردنی کاندیدانی کوردی نێو پەرلەمانی ئێران، بۆ ئەوەی بەهەمان شێوەی هەدەپە هەوڵبدەن لەو رێگایەوە کاریگەری بخەنە سەر ئێران، مەولوودی ئاماژەی بەوەدا، یاساکانی ئێران و یاساکانی تورکیا زۆر جیاوازیان هەیە، ئەو کاندیدانەی لە ئێران بۆ پەرلەمان دەستنیشاندەکرێن، دەبێت حکومەتی ئێران و دەزگاکانی ئێران رەزامەندییان لەسەر بدەن.