سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئەتۆمی ئێران و “وەستاندنی شەڕانگێزییەکانی” ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەردانی ئورووپا دەکات.
رۆژی دووشەممە 4-6-2018 نەتانیاهۆ دەچێتە ئورووپا و لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و تیرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆدەبێتەوە.
لە لێدوانێکدا بنیامین نەتانیاهۆ گوتی ”سبەی بۆ بینینی هەر سێ سەرکردە دیارەکەی ئورووپا؛ ئەنگێلا مێرکڵ، ئیمانوێل ماکرۆن و تیرێزا مەی بەرەو ئورووپا وەڕێدەکەوم. پێشکەوتنەکانی ناوچەکەیان لەگەڵ تاوتوێ دەکەم، بەڵام سەرنجی زیاترمان لەسەر ئێران دەبێت، بەر لەهەموو شتێک لەبارەی وەستاندنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران”.
نەتانیاهۆ جەختیکردەوە “بەدڵنیاییەوە ئەو راستییە نەگۆڕە دەخەمەڕوو کە ئیسرائیل رێگەنادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێ. خاڵی دووەم باسی وەستاندنی پلانی پەلهاویشتن و شەرڕانگێزییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتیش لە سووریا دەکەین”.
رۆژی 8ی مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک بکشێتەوە. ئیسرائیلیش یەکەم وڵات بوو پشتگیری و دەستخۆشی لەو بڕیارە کرد. دوای کشانەوەشی، ئیدارەی تڕامپ فشار و گەمارۆکانی بۆ تاران زیاتر کردووە.