لە پیلانێکی نوێدا سپای پاسداران جینایەت و تاوانەکانی خۆی وەپاڵ حیزبەکانی کوردستان دەخا و، دەیهەوێ هەم خۆی لێی بێبەری بکا و هەمیش بە مەبەستی ناوزڕاندنی ئۆپووزسیۆن ڕێژیم پەنا بۆ ئەو پیلانە دەبا.
لە تازەترین تاوانی سپای پاسداران کە لە ناوچەی سەردەشت روویداوە، سەربازێک بەناوی حامید محەممەدی خەڵکی تەورێز رۆژی ١ی جۆزەردان لە ئاکامی تێکهەڵچوونێک لەو ناوچەیە گیانی لەدەستداوە، سپای پاسداران لە هەواڵێکدا لە ژێرناوی” دەرگیری لە نێوان هێزەکانی سپا و ” ئەشرار” لە ناوچە سەردەشت، ڕایگەیاندوە کە ئەوسەربازە بە دەستی هێزە چەکدارەکانی دژبەری ڕێژیم ، واتە حیزبە کوردییەکان کوژراوەو، تەنانەت لە رۆژی ٤ی جۆزەردان ڕێوڕەسمێکیان بۆ ئەو سەربازە کوژراوە بە بەشداریی بەرپرسان و فەرماندە باڵاکانی ڕێژیم لە مزگەوتی ئیمام حسێنی شاری تەورێز بەڕێوەبرد.
ئەو درۆ و دەلەسەی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە ماوەی لەمەوپێش لە ناوچەی سەردەشت لە نێوان سپای پاسداران و هیزە ئینتزامییەکان لەسەر کۆنترۆڵی سنوورەکان شەڕ وتێکهەڵچوون رووی داو، کوژراو وبرینداریشی لێکەوتەوە، هەروەها هیچ یەک لە حیزبە کوردییەکان لەو ماوەیەدا باسیان لە جموجۆڵی پێشمەرگانەو تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم نەکردوە.
شیاوی باسە بە پێی زانیارییەکان ماوەیەکە لە سەربازخانەکانی ڕێژیم لە کوردستان، بە هۆکاری ناروون و بە شێوەی گوماناویی چەند سەرباز گیانیان لە دەستداوە و، ناوەندە ئەمنییەکان لەو پێوەندییەدا بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندوە کە بە دەستی حیزبەکانی کوردستان کوژراون.