١٢ی جۆزەردان هاوکاتە لەگەڵ ساڵرۆژی تیرباران کرانی ٥٩ لاوی کورد کە بەشێک لەو لاوانە تەمەنیان ١٨ ساڵ و قوتابی بوون.
لەوەها رۆژێک هەواڵێکی دڵتەزێن شاری مەهاباد و دواتر کوردستانی تاساند، ئەویش فەرمانداریی ئەوکات لە ڕاگەیاندراوێکدا ناوی ٥٩ لاوی ئێعدام کراوی بڵاو کردەوە کە زۆربەیان لە نێوانی دوو مانگی خاکەلێوەو بانەمەڕی ساڵی ٦٢ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری و لایەنگری لە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد، دەسبەسەر کرا بوون.
فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد حەمید ڕەزا جەلایی پوور بوو، کە لە بیروەرییەکانی خۆیدا دانی بەو ژینوسایدە داناوە.
شیاوی باسە کوشتاری خەڵکی بێتاوانی ئێران بەتایبەتی جیابیران و، دژبەرانی ڕێژیم لە دەیەی ٦٠ هەتاوی بەڵگەیەکی ڕەشە لە مێژووی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دوای بڵاو بوونەوەی تۆمار دەنگی حسێنعەلی مونتەزێری لە ساڵی رابردوو لە نێو باڵەکانی ڕێژیم ململانێ لێکەوتەوە.
ئێعدام کرانی ٥٩لاوی مەهابادی لەدرێژی وەگەڕ خستنی ماشینی سەرکوتی خەڵکی کورد و، هەروەها هەوڵدان بۆ بنبڕ کردنی حیزبی دێموکرات و توقاندن و چاوترساندنی خەڵکی کورد وشاری مەهاباد بوو، هەربۆیە بەشێک لە لاوانی ئێعدام کراو، لە بنەماڵە ناسراو و شۆڕشگێڕەکانی شاری مەهاباد گوڵبژێر کرا بوون.
جێیوەبیرهێنانەوەیە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە حیزبی دێموکرات بڕیاری تۆڵەکردنەوەی ئەو جینایەتەی دەرکرد و ٥٩ عەمەلیاتی نیزامی بە دژی سپای سەرکوتکەری رێژیم ئەنجامدا، کە فەرماندە شاپووری فیرووزی لەو زنجیرە عەمەڵیاتەدا دەور و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو.
یاد و ناوی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان ، بەتایبەتی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان بەرز وبەڕێز بێ.