بە پێی هەواڵێک کە لەشاری بانەوە بە دەستمان گەیشتووە، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردان هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان لە ترسی خۆپێشاندانی خەڵکی ئەوشارە بڵاو بوونەتەوەو بە وردی خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن.
میلیتاریزە کردنی شاری بانە هەم بۆ مانگرتنی سەرانسەری لە شارەکانی ئێران و کوردستان دەگەڕێتەوە هەم بۆ ناڕەزایەتییەکانی دۆکانداران و کاسبکارانی ئەوشارە کە نیزیک مانگێکی خایاند و، دواتر دەرفەتێکیان دا بە بەرپرسان هەتا گرفتەکانیان چارەسەر بکەن.
شیاوی باسە دوای ئەو دەرفتە هێشتا بەرپرسانی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی گومرکی سەر کەلوپەلەکان هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری هەڵنەهێناوە، هەر بۆیە ناوەندە ئەمنییەکان لە ترسی دەسپێکردنی مانگرتن و گردبوونەوەی خەڵکی ناڕازی ئەمڕۆ لە شاری بانە مۆڵدراون و چاوەدێری خەڵک دەکەن.