ە دەیەمین رۆژ لە مانگرتنی کامیۆنداران و خاوەن بارهەڵگرەکان لە شارەکانی ئێران و کوردستان ، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٩٧ی هەتاوی بەشێکی دیکە لە شوفێر تاکسییەکان پەێوەستبوون بەو مانگرتنانەو تا ئێستا زیاتر لە ٢٧٩ شار و شارۆچکەی لە ٣١ پارێزگای ئێران گرتووتەوە.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان مانگرتووان، فیلم و وێنەی مانگرتنی شارەکانی مەشهد و زەنجان و تاران و موبارەکەی ئیسفەهان و هەروەها شاری بۆکان بڵاو کردوتەوە و ، دەنگی خۆیانیان بە ڕای گشتی گەیاندوە.
هەروەها لە دەیەمین رۆژ لەو مانگرتنە سەرانسەرییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە تاکسیدارانی شاری کرمانشان بۆ پشتیوانی کردن لە کامیۆندارەکان دەستیان لە کار کێشایەوەو لە فۆڵکەی بەسیجی ئەو شارە مانیان گرت.
لە شارەکانی پارێزگای ئیسفەهانیش مانگرتن هەر بەردەوامەو دەگوترێ تەنیا ٣٠بارهەڵگر ئەویش بە ئیسکۆڕتی ناوەندە ئەمنییەکانەوە کاری گواستنەوە و گەیاندن دەکەن.
شیاوی باسە بە پێی ڕاپۆڕتێک کە بە ” کوردستان وکورد” گەیشتووە، ناوەندە ئەمنییەکان وەکوو سپا و ئەڕتەش بە ماشینەکانی خۆیان خەریکی گەیاندنی کەلوپەلن بۆ شارەکانی ئێران هەتا ئەو مانگرتنانە تەشەنە نەستێنێ و نەبێتە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان.
لە لایەک دیکەش هەوڵەکانی دەنگ وڕەنگی کۆماری ئیسلامی و ڕاگەیاندنەکانی دیکەش بە مەبەستی هەڵخەڵتاندنی کامیۆندارەکان بۆ کۆتایی هێنان بەو ناڕەزایەتییە بێ ئاکام ماوەتەوەو لە گەورەشارەکانی ئێران وەکوو مەشهەد و ئیسفەهان و کرماشان ئەو مانگرتنانە هەر درێژەی هەیە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە شوفێر ئۆتووبووسەکانیش رایانگەیاندوە کە ئەوانیش رۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردان پەیوەست دەبن بە مانگرتن سەرانسەری و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.