کاک سەید کامیل نیزامی ناوێکی ئاشنا بۆ خەباتکارانی دێموکرات کە بە هەموو تواناوە بەرگرییان لە خاکی نیشتمان کرد ، دوای تەمەنێک ژیان بە سەربڵێندی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
پێشمەرگەی پێشووی حیزب و قارەمانی دەیان داستانی حەماسە خوڵقێن کاک سەید کامیل نیزامی خەڵکی بۆکان لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگانەی لە بەر کرد و لەسەنگەری خەبات بۆ سەرخستنی گەلەکەی چاونەترسانە قارەمانی نواند.
لە سەردەمی هێرشی بەربڵاو بۆ سەر خاکی کوردستان ، کاک سەید کامیل یەكیک بۆوە لەو پێشمەرگانە کە بە هۆی لێهاتووییەوە مەسئولییەتی سەرپەلی و فەرماندەری لکی ١ی هێزی بەیانی پێبەخشراوە ، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوبراو خەباتکارێکی بە تواناو پێشمەرگەیەکی بەجەرگ و بوێر بووە.
کاک سەید کامیل نیزامی لە دژوارترین قوناخی خەبات ، سەنگەری خوڕاگریی ئاوەدان هێشتەوە، بەڵام ئەو پێشمەرگە فیداکارە لە ساڵی ١٣٦٧ تووشی نەخوشی دەبێ و لەسەر ئیجازە و ڕەزامەندی حیزب گەڕاوەتەوە سەر ژیانی ئاسایی.
شیاوی باسە کاک سەید کامیل تا دوا هەناسە بە ڕێبازی کوردایەتی وەفادار مایەوە و خزمەتی بە حیزبەکەی دەکرد.
ناوبراو رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردان بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی خاباتکارانێک وەکوو کاک سەید کامیل نیزامی، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزیان دەکا و خۆی لە خەمیان بە بەشدار دەزانێ.