رێبەری رەوتی سەدر بەشێوەیەکی جیاواز باسی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆی عێراقیدا دەکا.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە وەڵامی پرسیارێکدا رایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێی عێراق و ”ترسی لەدەستدانی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەیە و هیوادارین دەست لە کاروباری نێوخۆی عێراقیدا وەرنەدا“.
هەروەها لە وەڵامی هەمان پرسیاردا، سەبارەت بە دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆی عێراق، موقتەدا سەدر رایگەیاندووە، ”ئەمریکاش وڵاتێکی داگیرکەرە و هەرگیز رێگا بە دەستێوەردانی لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا نادەین“.
زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەن کە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پارلمانی عێراق ناتوانن بەبێ رەزامەندیی ئەمریکا و ئێران، حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیان پێک بێنن و ماوەیەکیشە سەرچاوە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودسی ئێرانی لەگەڵ زۆربەی سەرکردە عێراقییەکان کۆ بووەتەوە و لە هەوڵی ئەوە دایە حکومەتی داهاتووی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێ.