پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی جۆزەردان لە ڕێوڕەسمی بەرێکردن و ناشتنی تەرمی ناسر مەلەکموتیعی ئاکتەری ناسراو و بەناوبانگی سینەمای ئێران کە نیزیک بە چل ساڵ مافی دەرکەوتن وڕۆڵ گێرانی لێی قەدەغە کرابوو . بەشداربووانی ئەو رێوڕەسمە دروشمی دژ بە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامییان بەرز کردەوە.
خەڵکی تووڕە لە چەقبەستوویی دەنگ وڕەنگ و ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ، ئەو دەنگ و ڕەنگەیان جێگای شەرمزانی و هەر بەو دروشمەوە تەرمی هونەرمەندی سینەمای فارسی “ناسر مەلەکموتیعی”یان بەڕێکرد.
شیاوی باسە بەشی بەرچاوی ئەو تووڕەبوونە جیا لە جەفاکردنی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم لە کەسانێک وەکوو “مەلەکموتیعی”، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوای چل ساڵ، بڕیار بوو ئەو هونەرمەندە لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی دەرکەوێ، بەڵام لە دوایین چرکەکان ڕێگەیان نەدا و ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە.
جێی ئاماژەیە ناسر مەلەکموتیعی لەساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی پێینایە سینەمای ئێران و زیاترلە ٩٥ فیلمی سینەمایی ڕۆڵی گێڕا کە بەرچاوترینی دەتوانین بە فیلمی قەیسەر بە دەرهێنەری مەسعوود کیمیایی ساڵی ١٣٤٨ی ئاماژە بکەین.
ئەو ئاکتەرە لە سەروبەندی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی یەک دووجار بانگهێشتی دادگا کرا و بۆ نیزیک بە چوار دەیە ساڵ ڕێگر نەدرا درێژە بەکاری سینەما بدا و تەنیا ساڵەکانی ٦١ی هەتاوی و ٩٢ی هەتاوی لە دوو فیلم رۆڵێکی لاوەکیی پێدرا.
ناسر مەلەکموتیعی شەوی ٤ی جۆزەردان لە تەمەنی ٨٨سالەیی بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد و هەواڵی مردنی لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەتایبەتی هۆگران و لایەنگرانی ئەو هونەرمەندە ڕاگەیاندن و دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت ڕێگەنەدان و پێشگرتن لە دەرکەوتنی ئەو ئاکتەرە سینەماییە بە تاوانبار دەزانن.