نووسەر، وەڕگێر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ دکتور محەممەد ساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە مامۆستا “شەپۆل” لە تەمەنی ٨٥ ساڵەیی ماڵاوایی یەکجاری لە ژیان کرد.
دکتور محەممەد ساڵح ئیبراهیمی زیاتر لە ٣٠ کتێبی بە زمانی کوردی نووسیوەو خاوەنی چەندین بەرهەمی وەرگێڕانە و هەروەها یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرۆکی ئەنجومەنی زمان و فەرھەنگ و ھونەری کوردی و لە دامەزرێنەرانی جامیعەی کوردانی نیشتەجێی مەرکەز بۆوە.
محەمەد ساڵح ئیبراهیمی نووسەر، وەڕگێر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ لە سالی ١٣٤٠ی هەتاوی دەچێتە زانکۆی تاران و تا ئاستی دوکتورا درێژەی بە خوێندن داوە. دواتر هاوکات لە گەڵ مامۆستایەتی کردن لە بواری زانستی قەزایی زانکۆی تاران، لە گەڵ ڕادیۆی کوردی تارانیش هاوکاریی هەبووە و لە گەڵ نووسەرانێک وەکوو ماموستا جەمیل رۆژبەیانی، دوکتور سەدیق موفتیزادە. ئەحمەدموفتیزادە. سوارە ئیلخانی زادە، شێخکانلوو، محەممەد غفاری، کانوونی زمانی کوردی لە تاران دادەمەزرێنن . دکتور ئیبراھیمی پتر لە ٣٠ کتێبی بە نرخی ھەیە و چەندین کتێبی بە سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوەتەوە و لە سالی ١٩٧٩ی زایینی لە ماوەی نۆ مانگدا ٩ بەرگەی گوڤاری “گرشەی کوردستان”ی دەرکردوە و لە چەندین کۆڕی ئەدەبی لوحەی ڕێزلێنانی وەرگرتووە. میداڵی ئیفتخاری دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوی بەدرخانی لە ژێرناوی “بەرەو ئازادی رۆژنامە نووسی لە کوردستان” وەکوو خەڵات و رێزدانان بۆ خەزمتەکانی پێبەخشراوە.
بەرچاوترین بەرهەمەکانی دوکتور ئیبراهیمی بریتین لە:
١. وەرگێڕانی قورئانی کەریم
٢. شاعیران و ناودارانی کورد
٣. واڕگە و ناودارانی کورد ٥، ٤، ٣، ٢، ١
٨. زانایانی کورد٣، ٢، ١
١١. باوەی کوردەواری ٣، ٢، ١
١٤. کۆزانی فەرھەنگی زمانی کوردی
١٥. باوی کۆمەلایەتی و مێژویی
١٦. ڕاپەرینی حەزرەتی شێخ عوبەیدوڵای نەھری شاھی شەمزین
١٧. راپەرینی ژنرال مستەفا بارزانی ٤ بەرگ
٢١. مەولانا خالێد شارەزۆری
٢٢. ئایاتی مونتەخبە
٢٣. شێخی ئیشراق و سەڵاحەدین ئەییوبی ٢ بەرگ
٢٥. باوی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بەرگی ٢
٢٦. بابەکی خۆڕەمدین
٢٧. زریزەی زێڕین…
لە گەڵ چەندین بەرهەمی بە نرخی دیکە.
ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە دوای تەمەنێک خزمەت بە زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کورد، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزدانان بۆ تێکۆشانی سەرجەم قەڵەمبەدەستان و لێکۆڵەر و نووسەرانی کورد، بەم بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە کۆمەڵگەی ئەدەبدۆستان و فەرهەنگیانی کورد و، بەتایبەتی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دوکتور ئیبراهیمی دەکا و خۆی لە خەمی لە دەستدانی ئەو گەنجینە بەنرخە بە بەشدار و شەریک دەزانێ.
گیانی شاد و ڕێگای زانست و خزمەتەکانی مامۆستا شەپۆل پڕ ڕێبوار.