ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردان بەشێکی دیکە لە دوکانداران و بازاڕییانی گەورەشاری تاران ، دەستیان دایە مانگرتن و دوکان و بازاڕییان داخست.
لە درێژەی مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران بەرانبەر بە گرانی و گەندەڵییماڵی و خەمساردی بەرپرسانی ڕێژیم لە هەمبەر دۆخی خراپی ئابووری، سەرلەنوێ بەشێک لە پاساژ و دوکانداران ، لە لایەن کاسبکارانەوە لە شاری تاران داخران.
ئەو مانگرتنە بۆ داتەپیوی ئابووریی و هەرەس هێنانی دراوی ئێران و هەڵکشانی نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە کە ماوەیەکە بە جیددی دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی تووشی کێشە کردوەو هەرجارەوە لە شارێک و لایەن توێژێکەوە مانگرتن بەڕێوەدەچێ.
هەروەها بە پێی زانیارییەکان لە شاری تەورێزیش کە یەکێکە لە شارە هەرە گرینگەکانی ئێران، مانگرتنی هاوشێوە لە یەکەم چرکەکانی ئەمڕۆ شەممە ٥ی جۆزەردان دەستیپێکردوە.
هاوکات لە گەڵ مانگرتنی بەشێک لە دوکان و بازاڕی شارەکانی تاران و تەورێز، لە لایەک دیکەش، مانگرتنی کامیۆنداران وشوفێرەکانی نیزیک بە ٧٠ شار لە ئێران پێیناوەتە ٥مین رۆژی خۆیەوەو هەتا دێ ئەو مانگرتنانە لە ئاستی ئێران بەرینتر دەبن.