نەهاد ئەلمەشنووق، وەزیری نێوخۆی لوبنان ڕوو بە عەلی خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی دەڵێ، ئێران بە وێنەی تیمساح فرمێسك بۆ یەمەن هەڵدەڕێژێ، بەڵام لە لایەكی دیكەوە دەستی لە كوژرانی منداڵان لە سووریە هەیە.
ئەلمەشنووق لە ڕێوڕەسمێكدا كە لە لایەن یەكیەتیی حەشیمەتی بنەماڵەكانی بەیرووت بەڕێوەچوو، گوتی: “ئێمە ئێستا لە خولێكی نوێی عەرەبیدا دەژین كە عەرەبستان تاجەكەیەتی. بەبی عەڕەبستان و میسر نەتەوەی عەرەب توانای خۆڕاگرییان نامێنێ.”
ناوبراو لە درێژەدا گوتوویەتی: من بە ویژدانێكی ئاسوودەوە دەڵێم، گەردەلوولی شێلگیر بە ڕێبەرایەتیی پاشای عەرەبستانی سعوودی، بۆ ئازادیی تەواوی جیهانی عەرەب لە چنگی زەوت كرانی كەرامەتی ئەم كۆمەڵگایە لە لایەن ئێرانەو، ئەوەش بۆ بە دەستە گرتنی چارەنووسی ئەوانو وەدیهێنانی ویستو خواستی ئەم خەڵكە سەری هەڵداوە.
ئەلمەشنووق لە درێژەدا وێڕای ئاماژە بە قسەكانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی بارودۆخی یەمەن گوتی: “چەند ڕۆژ لەمەوبەر گوێمان لە هیندێک قسە بوو كە بەڵێنی بەچۆكدا هێنانو لە عەرزدانی عەرەبستانی دەدا. من لە بەیرووتەوە، پێتەختی ولاتێك كە ئازارێكی زۆری بە دەستی خاوەنی ئەم قسەو رێژیمەکەی كێشاوەو نەهامەتییەکانی لە سۆنگەی ئێرانەوە کەمتر لە ئی ئیسراییل نەبووە، پێی دەڵێم با چی دیكە خەیاڵی خاو نەكا، چونكی چ ئەو بێ و چ هەر كەسێكی دیكە كە پەرەی بە فەرهەنگی دەستدرێژی، سڕینەوە و دەسكاری كردنی مەشرووعییەتەكان دابێو پێی وابێ دەتوانێ هەروا ئەم كۆمەڵگایە بە لاواز دابنێ، لمبۆزی لە عەرز دەدرێ.
نەهاد ئەلمەشنووق، وەزیری نێوخۆی لوبنان دەڵێ با بزانن ئەوە خولێكی نوێی عەرەبییەو ئێمە لەم خولەدا ڕێگە نادەین ماکەی هەموو شەڕو پێكدادانە ئاینییەكانی ناوچە، وەك تیمساح فرمێسك بۆ منداڵانی یەمەن بڕێژێ، لە حاڵێكدا كە بۆخۆی ڕێبەرایەتیی كوشتوبڕی منداڵان لە سووریە و عێراقدا دەكا.