دایکی شەهید یەدوڵڵا شیرین سوخەن یەکێک لە شەهیدانی دەستی ڕەشی تیرۆر، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵێک کە لەشاری سنەوە بەدەستمان گەیشتووە، دایە خاوەر ئەرشەدی دایکی یەدوڵڵا شیرینسوخەن رۆژی ٣٠ی بانەمەڕ لە تەمەنی ٦٠ساڵەیی ماڵاوایی یەکجاری لە ژیان کردوەو بە ئامادەبوونی خەڵکی ئەمەگناسی ناوچەی سنە لە گوندی خاکڕۆزی باینچۆ، بە خاک سپێردراوە.
دایە خاوەر ئەرشەدی وەکوو زۆربەی دایکی شەهیدانی حیزب و گەڵ لە ماوەی تەمەنیدا بە ڕووسووری ژیاو، هەر بۆیە لە نێوخەڵکی ناوچەی باینچۆ جێگای ڕێز و حورمەتی تایبەت بوو.
لەو بنەماڵە شوڕشگیڕە کورێکی دیکەی دایە خاوەر بەناوی عارف شیرینسوخەن ماوەیەک پێشمەرگەی حیزب بووەو ئێستاش ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە پێشمەرگەی شەهید یەدوڵڵا شیرینسوخەن لە گەڵ پۆلێک لە کادرە بەرچاوەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕێکەوتی 17\9\1376 لە پیلانێكی ناجوانمێرانە دا لە دەرەوازەی شاری كۆیە بەدەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کرا.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادوبیرەوەریی شەهید یەدوڵڵا شیرینسوخەن، هاوخەمی خۆی پێشکەش بەسەرجەم بنەماڵەی بەڕێزی شیرین سوخەن دەکا و خۆی لە خەمیان بە بەشدار دەزانێ.