سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچەی سەردەشت بەربوونە گیانی یەک و، لە ئاکامی ئەو پێکهەڵپڕژانە دوو کوشتەو چەند برینداری لێکەتووتەوە.
بە پێی هەواڵێک کەلە ناوچەی سەردەشتەوە بە دەستمان گەیشتووە، شەوی ڕابردوو ١ی جۆزەردان هێزەکانی رێژیم لەو ناوچەیە بە توندی لەیکیان داوەو هەر دوولا زیانیان لێکەوتووە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە گوایە هێزە ئینتزامییەکان کەمینیان بۆ کۆڵبەر و کاسبکاران لەو ناوچە داناوەو لە لایەک دیکەش دەنگۆی جموجۆڵی پێشمەرگەکان بڵاو بۆوەتەوە ، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی هێرش کردنی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران و بە هەڵە وپەلە تەقە لە هێزە ئینتزامییەکان دەکەن.
لە ئاکامی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە دووکەس کوژراون و نیزیک بە چوارکەسی دیکەش بە توندی بریندار کراون.
یەکێک لە کوژراوەکان فەرماندەیەکی باڵای هێزە ئینتزامییەکانە، کە بەهۆی هێرشی چەکدارەکانی سپای پاسداران گیانی لە دەستداوە.
شیاوی باسە پێشتریش رووداوی هاوشێوە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان رووی داوەو هەردوو هێزی چەکداری ڕێژیم لەسەر تاڵان کردنی کەلوپەلی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد تەقەیان لە یەکتر کردووە.