غوڵامڕەزا حەسەنی ناسراو بە مەلاحەسەنی کە ناوێکی ئاشنایە لە مێژووی کوشتاری کورد بە دەستی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و یەکێک بوو، لە مەلا توندڕەوەکانی ڕێژیم شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ بە هۆی بە ساڵاچووییەوە مرد.
مەلا حەسەنی لە ساڵانی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی تا ساڵی ٩٢ی هەتاوی نوێنەری وەلی فقیهـ و پێشنوێژی هەێنی لە پارێزگای ورمێ بوو.
وەک لە ژیاننامەی هاتووە لە هەڕەتی لاویەتی بە دژی نیزامی پاشایەتی چەک هەڵدەگرێ و دواتر ئەو چەکەی بەدژی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی گەلی کورد بە کارهێناو، ناسراوترین جەلادانی کوردستانە و لە بەرانبەر کوشتنی خەڵکی “قاڕنێ، قەڵاتان، سۆفیان “بە دەستی بەرپرسانی رێژیم خەڵاتی وەرگرت.
حەسەنی لە تێکدانی دۆخی نەغەدە و پەرەپێدان بە دووبەرەکی و تەفرقەی مەزهەبی لە پارێزگای ورمێ دەستی باڵای هەبوو.
غوڵامڕەزا حەسەنی بە حوکمی خومەینی بۆ بە پێشنوێژی شاری ورمێ و دەسەڵاتی زۆری پێدرا بۆ پاکتاوکردنی جیابیران و خەباتکاران و خەڵکی ناڕازی لە کۆماری ئیسلامی لەو ناوچە هەستیارەدا.
ساڵی ٥٨ی هەتاوی وەک نوێنەری شاری ورمێ چووە مەجلیس و لە ١٤ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٠ی هەتاوی بە دەستی ئەحمەدینەژاد بە هۆی خزمەتەکانی بەرێژیم و جەنایەتەکانی بە دژی خەڵک، میداڵ و نیشانەی بوێری پێبەخشرا.
نابراو لە سەردەمی ناسراو بە دەورەی چاکسازی بەهۆی دژایەتی کردنی رێفۆڕمخوازان و هێرش کردن و جنێودان بە ڕێفۆڕمخوازان دیسان ناوی کەوتە سەر زاران و لەو بارەوە دەوری بەرچاوی هەبوو.
هەروەها لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کورد و ئۆپۆزسیونی کورد بەتایبەتی حیزبی دێموکرات دەکا ، لە سەروبەندی هێرش کردنی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر کوردستان و بۆ خۆێ دەڵێ کە لەو پێوەندییەدا ڕۆڵی زۆری هەبووە.
غوڵامرەزا حەسەنی لە ساڵی ١٣٠٦ی هەتاوی لە گوندی بوزرگئابادی ورمی هاتووتە دنیاو لە شاری ورمێ و قوم درێژەی بە خوێندنی ئایینی دا و، لە ١٦ ساڵەیی تا ساڵانی کۆتایی ژیانی هیچکات چەکەکەی دانەناو لە ئەوپەڕی توندڕەوی و چەقبەستووییەوە لە خزمەتی پیلانەکانی رێژێم دا بوو.
دڵڕەقی ئەو مەلا توندڕەوە لە ئاستێکدا بوو کە ڕەشید حەسەنی کوڕەگەورەکەی بە هۆی لایەنگری لە ڕێکخراوی کۆمۆنیستی “چریک های فدائیان خلق” بۆ خۆی ڕاپۆرتی لەسەر دەدا و ڕادەستی دادگای دەکا و ئیعدام دەکرێ و لەوبارەوە گوتویەتی کە کاتێک هەواڵی ئیعدامی کوڕەکەی خۆمم بیست هیچ نیگەران نەبووم ، چۆن ئەرکی خۆمم بە جێگەیاندوە. بەڵام ساڵی ٩١ی هەتاوی نیگەرانی خۆی لەو بارەوە ئیتر نەشاردەوەو دانی بەوە دانا کە لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی زۆرکەس بە ناحەق سزا دراون.
مەلاحەسەنی یەکێک لە بکوژان و بڕیاردەرانی کوشتاری خەڵکی کورد، شەوی ڕابردوو ٣١ی بانەمەڕ مرد و هەواڵی مردنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.