لە ساڵی ١٠٩٦ی هەتاویدا و لە گوندی (ڕوار)ی ناوچەی هەورامانی تەخت منداڵێک لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ئەهلی زانست چاوی بە ژیان هەڵێنا و ناویان نا خزر. خزر کوڕی مەلا ئەحمەد، کوڕی مەلا محەممەد، کوڕی میرزا حەکیمی حەکاکە.
خزر، لەبەر ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لە دایک ببوو، هێشتا زۆر منداڵ بوو لە خزمەتی باوکیدا پەرتووکە سەرەتاییەکانی خوێند و دواتر لە خزمەتی مەلا یۆسفی ڕواردا درێژەی بە خوێندن دا هەتا چەند پلەیەکی بڕی و ئاستی زانیارییەکانی چووە سەرەوە. فەقێ خزر دواتر چووە حوجرەی فەقێیان و وەک نەریتی کوردەواری قەوانی فەقێیەتی لەکۆڵ کرد و بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانستی زیاتر دەستی کرد بە گەڕان بە شار و گوندەکانی کوردستاندا. فەقێ خزر لە درێژەی خوێندنەکەیدا لە شارەکانی سنە، مەهاباد، لەیلاخ، مەریوان و بۆ ماوەیەکیش لە شیراز خوێندوویەتی، هەروەها لە باشووری کوردستانیشدا شارەکانی سلێمانی، قەڵاچوالان و گوندی بیارە و چەندین شار و گوندی ت دیکە گەڕاوە و هەگبەی زانستی لێ پڕ کردوون؛ بە تایبەت لە ناوچەی شارەزوور خەرمانی زانستی لە خزمەت مامۆستایانی ئایینیدا بە پیتتر کردووە و لە ئاکامدا لە شاری قەڵاچوالان لە خزمەتی «مامۆستا شێخ محمەد وەسیمی تەختەیی مەردۆخ»دا دوایین پلەکانی زاستی بڕیوە و هەر لەوێش بڕوانامەی مەلایەتیی وەرگرتووە.
مامۆستا مەلا خزر ڕواری دوای وەرگرتنی بڕوانامەی مەلایەتی خۆی سەرقاڵ ناکا بە کاروباری مەلایەتییەوە و بە نیازی زیاتر فێربوون خۆی دەپێچێتەوە و ڕێگای وڵاتی میسر دەگرێتە بەر و بەرەو ئەو وڵاتە و «ئەلئەزهەر»، زانستگا بەناوبانگەکەی وەڕێ دەکەوێ.
مامۆستا مەلا خزر دوای ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەو زانکۆیە دەمێنێتەوە و لە چەندین بواری جیاوازدا ئاستی خۆی بەرز دەکاتەوە و خۆی پێدەگەیێنێ، وەک مامۆستای ئەو زانکۆیە هەڵدەبژێردرێ و بۆ ماوەیەکی زۆر وەکوو مامۆستایەکی ئەو زانکۆیە وانە دەڵیتەوە و قوتابییەکانی پێ دەگەیەنێ، هەروەها مامۆستا بۆ ماوەیەکیش لە شاری «شام»دا دەمێنێتەوە و سەرقاڵی فێر بوونی زانست و وانەوتنەوە دەبێ.
بە وتەی ئەو کەسانەی کە سەردانی زانکۆی ئەلئەزهەریان کردووە هەتا ئێستەش ئەو جێگایەی کە مامۆستا مەلا خزر وانەی لێ وتۆتەوە هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە و ناوی مامۆستا مەلا خزری لە سەر نووسراوە و وەک مامۆستایەکی ناوداری ئەو زانکۆیە ڕێزی لێ دەگیرێ. مامۆستا هەر لەو ماوەیەدا کە لە میسر بووە چەندین پەرتووکی نووسیون کە یەکێک لەوانە «قاموس المحیط»ە و مامۆستا بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی.
مامۆستا دوای ئەوەی کە لە میسر و شام گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گوندەکانی ڕوار، هەورامان، دەگاگای دەربەن کەڵەم و چەند گوندێکی دیکەی ئەو ناوچەیە سەرقاڵی مەلایەتی و وانە وتنەوە بووە و خەڵکانێکی زۆر لە خزمەتیدا پێ گەیشتوون.
مامۆستا مەلا خزری ڕوار، یەکەمین مامۆستای ئایینی بووە کە بە ئەوپەڕی زانیارییەوە، هەموو پێویستییەکانی فێربوونی ئایینیی کردووەتەوە کوردیی هەورامی و لە سەر شێوازی شێعر دایڕشتوون، کە تا ئێستاش لە هەوراماندا لە منداڵێکەوە بگرە تا دەگاتە بەتەمەنێک کەس نیە ناوی پەرتووکەکانی «دەوڵەتنامە» و «ڕۆڵەبزانی» نەزانێ و بڕێکی لەبەر نەبێ. مامۆستا بەو کارەی دوو خزمەتی زۆر گەورەی کردووە بە کۆمەڵگەی کوردەواری، بە تایبەتیش ناوچەی هەورامان. یەکەم ئەوەی کە دەکرێ ئایین بە زمانەکەی خۆت فێری ببی و بەکاری بێنی و پێویست ناکا هەموو شتێک بە زمانی عەرەبی وەربگری.، دووەم زمانە کوردییە هەورامییەکەی ناوچەی هەورامانی پاراستووە و لە چوارچێوەی ئاییندا خەڵکی هان داوە کە ڕۆژانە زمانەکەی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە.
مامۆستا مەلا خزر چەندین بەرهەمی نووسراوی دیکەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی هەن. مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕێس باس لەوە دەکا کە گوندی ڕوار لە سەردەمی مەلا خزردا ناوەندێکی زانستیی یەکجار گەورە و گرنگ و ناودار بووە.
مامۆستا مەلا خزر، وەنەبێ تەنیا مامۆستایەکی ئایینی بووبێ و چاوی لە کێشە و تەنگ و چەڵەمەکانی کۆمەڵگەکەی نووقاندبێ و لە سووچێکی مزگەوتا دەستەو ئەژنۆ دانیشتبێ، بەڵکوو وەکوو ڕاویژکارێکی زانا و لێهاتوو لە دانووستانی دیوەخانەکانی دەسەڵاتداراندا جێگایەکی دیار و تایبەتی هەبووە و تەنانەت بۆ دەرەوەی سنوورەکانیش ل گەڵ سانەکانی هەوراماندا سەفەری کردووە و لە دانووستانە سیاسییەکاندا بەشدار بووە. بۆ نموونە کە جارێک لەگەڵ ئەحمەدسانی هەوراماندا دەچێ بۆ لای کەریم خانی زەند بۆ شیراز، بەمەبەستی چارەسەری هەندیک کێشە و گرفتی کۆمەڵی کوردەواری و بەتایبەت ناوچەی هەورامان.
لە کۆتاییدا مامۆستا مەلا خزری ڕواری لە ساڵی ١١٦٣ی هەتاویدا و لە تەمەنی ٦٧ساڵیدا لە گوندی ڕواری هەورامانی تەخت کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گوندی «ڕوار» بە خاک سپێردرا.
ڕۆحی شاد بێت
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)