دوا بەدوای قسەکانی پۆمپیئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە ئێران و باس کردن لە ستراتێژی نوێی ئەمریکا لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرککۆماری ئەو وڵاتە بە تووڕەییەوە وڵامی قسەکانی دایەوە.
رۆژی ٣١ی بانەمەڕ پۆمپیئۆ وەزیری تازە بەسەرکار هاتووی دەوڵەتی تڕامپ ، لە وتارێکدا کۆمەڵێک باسی گرینگی لەسەر ئێران و دەوڵەتی تاران باس کرد.
وەزیری دەرەوەی ئامریکا بە ڕاشکاوانە هەڕەشەکانی دۆناڵد تڕامپی لەسەر کۆماری ئیسلامی دووپات کردەوە ، پۆمپیۆ لە قسەکانیدا وتی: بڕێارە گەمارۆی توندتر بخرێتە سەر ئێران لە لایەن ئامریکاوە، بەتایبەتی گوشاری ماڵیی بەسەر بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە پێوەندیدارەکانی.
هەروەها لە قسەکانی ئاماژەی بە هەرەسهێنانی ڕیاڵ و دراوی ئێران کرد کە رۆژبەڕۆژ لە دابەزیندایە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە قەیرانە ئابووری وسیاسی و ژینگەییەکانی ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران پێداچوونەوەیەک بە ڕەفتاری خۆی بکا ، ئامادەین لەگەڵی گفتگۆ بکەین بۆ ڕێککەوتنێکی باشتر.
پۆمپیئۆ کۆمەڵێک پێشمەرجی دیکەی لە بەردەم کۆماری ئیسلامی داناوە کە لە ئەگەری قەبووڵ کردنی ئەو مەرجانە، ئامریکا ئامادەیە لە ئابووریی ئێران پشتیوانی بکا.
بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا حەسەن ڕوحانی بە لاتاو و تووڕەییەوە وڵامی قسەکانی پۆمپیئۆی داوە.