چەند تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی نیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە نزیک دمێشقی پێتەختی سووریە روویان دا.
بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، شەوی ڕابردوو چەند تەقینەوەیەک لە فێرگەی هێزە ئەمنیەتییەکان لە نەجها و گوندەکانی دەورووبەری دمێشق لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەو شارە روویان دا.
ئەو بنکە ئەمنیەتییە کە کەوتووەتە باشووری دمێشق، لە لایەن هێز و میلیشیا ئێرانییەکان وەک بارەگایەکی سەرکردایەتیی شەڕی ئەلیکترۆنی بەکار دەهێندرێ.
تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی رێژێمی سووریە و ئێران ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و هیچ زانیارییەکیش لەبارەی هۆکار و ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەبووەتەوە.
لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناردنی چەک و هێزی چەکدار، هاوکاریی رێژێمی سووریە دژی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکا.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی سووریە تا ئێستا زیاتر لە پێنج میلیۆن هاووڵاتیی لە نێوخۆی ئەو وڵاتە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو میلیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.