مەنسوور مورادی، نوێنەری مەریوان بەهۆی داخستنی سنوورەکان، رەخنەی لە حکومەتی حەسەن رووحانی گرتووە و دەڵێ: بەڕێز سەرۆککۆمار داخرانی سنوورەکان بۆ بێ بەرنامەیی ئێوە دەگەڕێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک لە دابینکردنی لانیکەمی بژێوییان تووشی کێشە بن.
رەسول خزری، نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە زاری بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گوتی: داوا کراوە لانیکەم بۆ مانگی رەمەزان خاڵە سنوورییە کۆڵبەرییەکان بکرێنەوە، بەڵام حەسەن رووحانی دژایەتی کردووە و، جگەلەوە بە تەواویش دژی کردنەوەی سنوورەکان بووە.
هەرچەندە دواتر ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ئەمەی رەت کردەوە و، بەجۆرێک خوازیاری سزادانی رەسوڵ خزریش بوو.
شەهاب نادری، نوێنەری جوانڕۆ و هەورامانیش، داخوازی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی بە داخوازییەکی رەوا لە قەڵەمداوە و دەڵێ: کۆڵبەرەکان رووبەڕووی پشتگوێخستن بوونەتەوە و زۆر کێشەی ئابوورییان هەیە.
شەهاب نادری هۆکاری ئەم رەوشەی ناوچەی سنوورییەکان بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێنێتەوە کە بۆ دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنەر و رەخساندنی هەلی کاری کەمتەرخەمی کردووە.
نیزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەریش 10 کەس لە نوێنەرانی کورد، بەشێوەیەکی فەرمی داوایان لە سەرکۆمار و بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکان ئاسایی بکرێتەوە و، کێشە و نیگەرانی خەڵکی سنوورنشین چارەسەر بکرێ.
بەپێی ئامارەکان 70 هەزار کۆڵبەر لە سنوورەکان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، ئەمەش جگە لە کاسبکار، دووکاندار و هەموو ئەو خەڵکانەی دیکە کە ژیان و گوزەرانیان گرێدراوی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە سنوورەکان.
بۆیە داخستنی سنوورەکان ناڕەزایەتی زۆری بە دواوە بوو. لە بانە نزیکەی یەک مانگ دووکان و بازاڕەکان داخران و شارە سنوورییەکانی دیکەش بۆ ماوەیەکی کەمتر سنوورەکانیان داخست.
حکومەت دەڵێ: هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی سنوورەکان رێکدەخات و کارتی پیلەوەری بە کۆڵبەرەکان دەدا. هەتا ئێستاش وەڵامێکی روونی بە داواکاری نوێنەرانی ناوچە سنوورییەکان نەداوەتەوە.