دوای دەرکەوتنی پێوەندی ماڵی دەوڵەتی دووحە، لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران کە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان تێکداوە، بەرپرسانی ئامریکایی هوشدارییاندا و، داوایان کردوە لە دەوڵەتی قەتەر ، واز لە یارمەتی گەیاندن و پشتیوانی کردن لە گرووپە تیرۆریستییەکان و میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بهێنێ.
دوای دەرکەوتنی ناردنی ئیمەیل و نامەکانی نیوان بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی قەتەر و سەرکردەکانی حزبوڵڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێوەدەکرێ و هەروەها پێوەندییان لەگەڵ فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ئێران، دەوڵەتی ئامریکا بە توندی ڕەخنەی لە قەتەر گرت و هوشداری داوە کە لە پشتیوانی کردن لە کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی بکشێتەوە.
رۆژنامەی “ساندی تێلگراف” لە ڕاپۆرتێکدا، پێوەندیی گەرم وگۆڕی فەرماندە پلەبەرزەکانی سپای پاسداران و رێبەرانی حزبوڵڵای لوبنانی بەتایبەتی “قاسم سولەیمانی و حەسەن نەسروڵڵا”، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی قەتەر ئاشکرا کرد .
دوای ئەوەی دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام کشایەوە، داوای لە وڵاتی قەتەر کردووە، بە نیسبەت پێوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران پێداچوونەوە بکات و، واز لە هاوکاری کردنی تیرۆریزم بهێنێ.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی قەتەر لە ساڵی ٢٠١٧ بڕی ٥٠میلیۆن پۆندی بۆ قاسم سولیمانی ناردوە و هەروەها یارمەتییەکی زۆری بە گرووپە شیعەکانی عێراق گەیاندوە.
شیاوی باسە ساڵی رابردوو چەند وڵاتی عەرەبی ، بە هۆی پێوەندی قەتەر لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ، پێوەندییەکانی خۆیانیان لە گەڵ ئەو وڵاتە پچڕاند.












