بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی سەردەشتەوە بە دەستمان گەیشتوو، رۆژی ٢٠ی بانەمەڕی ٩٧ی هەتاوی کاک محەممەد ئیسماعیلی ناسراو بە خاڵە حەمە وەیسە خەڵکی گوندی قەڵەڕەشەی سەردەشت باوکی پێشمەرگەیەکی دێرین و ئەندامی ئێستاکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی هاوڕێ حەسەن قەڵەڕەشی لە تەمەنی ٧٢ی ساڵەیدا بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاڵە حەمە خاوەنی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕی ناوچەی سەردەشت بوو، کە بە هۆی دێموکراتدۆستی و نیشتمانپەروەرییەوە لە ناوچەی سەردەشت بەناوبانگن.
خوالێخۆشبوو ساڵانێک لەئەو پەڕی خەمخۆرییەوە خزمەتی تێکۆشەرانی دێموکراتی کرد و، لە سەردەمی خەباتی چەکداریی و هەروەها لە کاتی گەڕانەوەی تیم و هێزی پێشمەرگە وەکوو کەسێکی دڵسۆز و تێکۆشەر هاوکاریی خەباتکارانی دێموکراتی دەکرد.
شیاوی باسە یەکێک لە کوڕەکانی بەناوی حەسەن قەڵەڕەشی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ساڵ لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگانەی لە بەر کرد و، چەکی بەرگری هەڵگرت . هاوڕێ حەسەن چەند ساڵێکە وەکوو ئەندامێکی چالاکی حیزب نیشتەجێ دەرەوەی کوردستانە.
باوکی ناوبراو زۆر جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان و بەکرێگیراوانەوە بە هۆی پێشمەرگە بوونی کۆڕەکەی ، دەسبەسەر دەکرا و ئازار وئەشکەنجە دەدرا.
بەڵام هیچ کات لەسەر ڕێبازی شەهیدان و ئامانج و ویستی گەلەکەی دڵسارد نەبۆوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ ڕێز لە بنەماڵەی سەربەرزی پێشمەرگەکان بگرێ و، هەر بۆیە پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی خاڵە حەمە و بەتایبەتی هاوڕێ حەسەن قەڵەڕەشی دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.











