٧ڕێکخراوەی ئێرانی و نێونەتەوەیی چالاک لە بوواری مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی کردووە تا لە هەمبەر بڕیاری دەزگای قەزایی سەبارەت بە داخستن و فیلترینگی تیلیگرام هەڵوێستی جیددی هەبێ.
ئەو ٧ ڕێکخراوە خوازایاری ئەوەن کە دەوڵەتی ئێران داوا بکا کە دەزگای قەزایی بڕیارەکەی هەڵوەشێنێتەوەو کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین بهێنێ.
کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، یەکیەتیی بۆ ئێران، دوو ڕێکخراوی ئێرانی و واژۆکاری ئەو بەیاننامەیەن، لە گەڵ ٥ ڕێکخراوی دیکە بە ناوەکانی، بنیاتی سنوورە ئێلێکترۆنیکیەکان، پرۆژەی تۆڕ، ئارتیکێل١٩، ئێکسزنوو و بنی تیک، داواکارن کە دەوڵەتی حەسەن روحانی بۆ نەهێشتنی سانسوور و لابردنی فیلترینگ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی جیددی و زیاتر بدا.
شیاوی باسە بنیاتی سنوورە ئێلێکترۆنیکەکان ڕێکخراوێکی مەدەنی و نێونەتەوەییە کە لە ئامریکا دامەزراوە، “پرۆژەی تۆڕ” پێداگر وچالاکە لەسەر ئازادی زانیاریی بۆ هەمووان و، “ئارتیکێل١٩” ڕێکخراوێکی ناحکوومییە کە لەساڵی ١٩٨٧بی پێی ئەسڵی ١٩ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ کە دەڵێ: هەر تاکێک مافی ئازادی بێروڕا دەربڕینی هەیە” ، لە بریتانیا دامەزراوە.
هەروەها ئێکسزنوو ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤە کە لە پەرەپێدان بە مافی دیجیتاڵی کاربەرانێک کە مەترسییان لەسەرە کار دەکا و، ڕێکخراوی “بنی تێک”یش دامەزراوەیەکی مەدەنییە کە لە بوواری بەکار هێنانی فەن و زانست لە بەشەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا چالاکە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە تیلگیرام زیاتر لە ٤٠میلیۆن لە ئێران بەکاری دەهێنن و پێشوازی بەربڵاوی لێکراوە و بەسەر ڕوواداوەکانی نێوخۆی ئێران کاریگەریی هەبووە، هەربۆیە چەند حەوتە لەمەوپێش بە دەستووری دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چالاکیی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە ڕاگیرا.
رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١بانەمەڕ ئەو ٧ ڕێکخراوە مەدەنییە ، لە بەییانەمەکدا لە ژێر ناوی داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکان ، ئازادی ڕادەربڕین و مافی خەڵکی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاریی ، داوایان لە محەممەد جەعفەر مونتەزێری دادوەری گشتیی ئێران کردووە، کە بە ئەوحکوومی دەزگای قەزایی و بازپرسێکی دادستانی تاران بۆ فیلترینگی تیلیگرام بە بیانووی ئەوەی کە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بچێتەوەو ئەو مافە لە خەڵکی ئێران زەوت نەکەن.
لە بەشێک لە بەیاننامەی ٧ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی روو لە حەسەن روحانی کە دەوڵەتی ئەو ئێستا بەرپرسی ئێرانە هاتووە: حەسەن ڕوحانی دەبێ لەسەر ئەو پێشێلکارییە وەدەنگ بێ و بەرەنگاری دەزگای قەزایی ببێتەوە و ، فیلترینگی تیلیگرام دەبێ لە سەرانسەری ئێران هەڵوەشێتەوە.
جێی ئاماژەیە بەشێک لە بەرپرسانی باڵای دەزگای قەزایی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێران بەتایبەتی ڕێبەری نیزام خامنەیی، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی تیلیگرام بە ئامرازێک دەزانن بۆ نفووزی وڵاتانی بیانی و هاندانی خەڵکی ئێران. هەر بۆیە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦هەتاوی بەشێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران داخران.