رۆژێک دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێکەوتنی ناوکی و بەباتڵ زانینی ئەو ڕێکەوتنە لە لایەن سەرۆککۆماری ئامریکاوە، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەید عەلی خامنەیی بە تووڕەییەوە هێرشی کردە سەر تڕامپ.
خامنەیی رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ لە زانکۆی فەرهەنگیاندا بە نیسبەت بڕیارەکەی دۆناڵد تڕامپ لەسەر کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنی بەرجام، بە توندی و بە تووڕەیی کاردانەوەی نیشان دا و لە قسەکانیدا پەنای بۆ جنیو و قسەی سووک کردن برد.
خامنەیی لە قسەکانیدا وتی: “دەرکەوت کە کێشە نێوان ئامریکا و ئێران پێوەندی بە پرسی ناوکییەوە نیە و کێشە شتێکی دیکەیە و هەروەها سێ وڵاتی ئورووپایش بۆ متمانە کردن نابن.
وتەکانی خامنەیی لە کاتێكدایە کە شەوی ڕابردوو حەسەن روحانی ڕایگەیاند لە گەڵ ٥ی دیکەو بێجگە ئامریکا بەرجام درێژەی دەبێ.
جێیوەبیرهێنانەوەیە ئێران و ٦ وڵاتی جیهانی بەتایبەتی ئامریکا، دوای دووساڵ دانوستانی چڕ وپڕ، پووشپەڕی ٩٤ی هەتاوی بۆ چارەسەری پرسی ناوکی ئێران لە ژێرناوی بەرجام ڕێککەوتن و، لە بەرانبەر داخرانی هێندیک شوێنی ناوکیی ئێران، بەشێک لە گەمارۆکانی ئامریکا و شوڕای ئەمنیەت سڕ کران.
رۆژی ڕابردوو دۆناڵد تڕامپ هەروەک لە کاتی بانگەشە کردنی هەڵبژاردنەکاندا ، بەڵێنی دابوو، ڕێککەوتنی ناوکی وڵاتەکەی خۆی و ئێرانی هەڵوەشاندەوە.
کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام بۆ بیانوویەک بۆ هێرشی باڵی بناژۆخواز بۆ سەر دەوڵەتی روحانی ، وەکوو بەرپرسی ئەو ڕێککەوتنە و، شیمانەی ئەوەش دەکرێ باڵی توندڕەوی نێو نیزام زیاتر خۆیان دەربخەن بۆ سەرپۆش دانان لەسەر قەیرانەکانی نێوخۆی ئێران.