ئەمرۆ بەیانی ١٩ی بانەمەڕ لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر بڕیاری ڕۆژی ڕابردووی دۆناڵد تڕامپ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی بەرجام، بە شێک لە نوێنەرانی مەجلیس بە سووتاندنی ئاڵای ئامریکا دروشمی “مەرگبەر ئامریکا”یان بەرز کردەوەو، تەنانەت چەند کەس لە نوێنەران، ئەو ئاڵا سووتاندنەیان بە سووتاندنی ڕێکەوتنی بەرجام ناو برد.
هەڵوێستی نوێنەرانی بناژۆخواز لە کاتێک دایە کە شەوی ڕابردوو حەسەن ڕوحانی سەرۆککۆماری ئیڕان دوای بڕیاری تڕامپ وێڕای نیگەرانی دەربڕێن، لەو پێوەوندییەدا وتی: دەوڵەتەکەی لە گەڵ ٥ وڵاتی دیکە ، درێژە بە ڕێکەوتنی بەرجام دەدا .
ڕێکەوتنی بەرجام لە سەرەتاوە لە نێوان دەوڵەتی ڕوحانی و هێندێک لە نوێنەر و دەمڕاستەکانی ڕێژیم کە بە باڵی توندڕەوەکان نیزیکن ناکۆکی ساز کردوەو باڵی بناژۆخواز دەوڵەتی ڕوحانی لەو بارەوە بە ناسەرکەوتوو دەزانن.
هەڵوێستی دژبەیەک نواندنی باڵەکانی نێو ڕێژیم لە کاتێکدایە کە ڕاگەیاندنەکانی سووریە کاتژمێرێک دوای بڕیارەکەی تڕامپ هەواڵی هێرشی هەوایی فڕۆکەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر پایگا نیزامییەکانی ئێران لەو وڵاتە بڵاو کردەوە، ئەمەش نیگەرانی نیو حاکمیەتی ئێرانی زیاد کردووە.
ئەڕتەشی ئێسرایل ڕایگەیاند کە دوای چوونەوە دەری ئامریکا لە بەرجام، جموجۆڵی نیزامی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و حزبوڵڵا لە سووریە بیندراوە.
شیاوی باسە ئەمە چوارمین هێرشی هەوایی ئیسرائیلە بۆسەر پایگا و موڵەگە نیزامییەکانی ئێران لە سووریە کە لە دوو حەوتووی ڕابردوودا ڕووی داوە.
لە درێژەی کاردانەوەکان بە نیسبەت بڕیاری ترامپ، سەید مستەفا تاجزادە ڕایگەیاند: کێشەی ئێمە تڕامپ نیە بەڵکوو بشێوی نێو نیزام و گوێ نەگرتن بە دەنگ و مافی خەڵکە لە لایەن حاکمیەتەوە.
حشمەتوڵڵا تەبەرزەدیش لە کاناڵی فەرمی خۆی نووسیویەتی: ڕێکەوتنی بەرجام قەڵخانێک بوو بۆ شاردنەوەی بەرنامە و پیلانەکانی سپای پاسداران و هەر بۆیە خوشحاڵم کە تڕامپ هەڵەی ئۆبامای دووپات نەکردەوە.