سەرۆککۆماری ئەمریکا ١٨ی بانەمەڕ ڕایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێکەوتنی ناوکی لە گەڵ ئێران هەڵدەوەشێنێتەوەو سەر لەنوێ گەمارۆکان بۆ سەر ئێران وەگەڕ دەخاتەوە.
ڕێکەوتنی ناوکی لە نێوان ئێران و ئامریکا و، ئاڵمان و فەڕانسەو چین و رووسیە لە پووشپەڕی ٩٤ی هەتاوی بە دەست هاتبوو.
دوای چوونەوە دەری ئامریکا لە بەرجام، بڕیاری ترامپ لە نێو بەرپرسانی ئەمریکا دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.
مایک پوومپیۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە بەیاننامەیەک ، هاوکات کە لە هەڵوێستی ترامپ پشتیوانی کردوە لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند: ئامریکا لە گەڵ هاوپەیمانەکانی درێژە بە هاوکاری دەدا بۆ ئەوەی ڕیگایەکی واقعی و درێژخایەن بدۆزرێتەوە بۆ پێشگرتن لە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە. پوومپیۆ باسیشی لەوە کرد کە هەوڵەکانی ئامریکا تەنیا بۆ پرسی ناوکی ناگەڕێتەوە بەڵکوو دەیهەوێ پێش لە مەترسی بەرنامەی مووشکی ئێران و سەرجەم کار و چالاکییە تیرۆریستییانەی دەوڵەتی تاران لە ناوچە و جیهان بگرێ.
لە بەرانبەر هەڵوێستی ترامپ، ئۆباما سەرۆککۆماری پێشووی ئامریکا کە لە کاتی ئەو ڕێکەوتنی بەرجام بە دەست هاتبوو؛ بڕیاری ترامپی لەو بارەوە بە هەڵە زانی.
لە لایەک دیکەش چەندین کەس لە بەرپرسانی سیاسیی ئەمریکا بە نیسبەت هەوڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی بەرجام نیگەرانیان دەربڕیوە.
پۆل ڕایان، سەرۆکی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا ، بڕیاری دۆناڵد تڕامپی بە باش زانیوە، بەڵام جان کێری وەزیری دەرەوەی سەردەمی ئۆباما، ڕایگەیاند: هاتنە دەر لە بەرجام ئەمنیەتی ئامریکا و ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوەو چالاکییە توندئاژۆییەکان زیاتر دەکا لە جیهان.
لە درێژەی کاردانەوەکانی دوای هاتنە دەری ئامریکا لە ڕێکەوتنی بەرجام نیکی هێلی باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا ڕایگەیان: بێگومان بڕیاری سەرۆککۆمار تڕامپ ، بڕیاریكی شیاوە، چونکە ئەو ڕێکەوتنە بوو بە هۆی ئەوەی کە چالاکییە خراپەکانی ئێران ، خراپتر بێ و دەستێوەردانەکانی زیاتر ، هەر بۆیە دەبێ هەوڵی بدرێ کە ئێران دەستی نەگاتە چەکی ناوکی و پێش لە پاڵپشتییەکانی لە تیرۆریزم بگیردرێ.
لەو پێوەندییەدا نانسی پلووسی ڕێبەری کەمینەی دێموکرات لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا ڕەخنەی لە تڕامپ گرتووەو برێارەکەی جێی نیگەرانی زانیوە.
بەڵام کووین مەک کارتی ڕێبەری زۆرینەی کۆماریخوازان ، وێڕای ستایش کردنی بڕیارەکەی ترامپ ڕایگەیاند، ئەمە یەکێک لە وادەوبەڵینیەکان بوو کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەڵێنی دابوو.
سەناتۆری کۆماریخواز مارکوو رۆبیۆ وتی: ڕێکەوتنی ناوکی بوو بە هۆی ئەوە کە حکوومەتی ئێران پەرە بە زێدەخوازی و دەستێوەردان لە ناوچە بە تایبەتی لە سووریە بداو، لەم ماوەیەدا ئێران دۆخی وڵاتانی یەمەن و عێراقیشی تێکداوە.
لە لایەک دیکەش بەرەی دێموکراتەکانی ئامریکا دەڵێن چوونەوە دەری ئامریکا لە بەرجام قەیرانێکی ناوکی لە جیهان بەدواوەیە.