(پیاده‌کراوی به‌شی سیاسی له قسه‌كانی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، له کۆبوونه‌وه‌ی ساسی-ته‌شکیلاتی له بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب)
بەپێی ڕۆتینی ئەساسنامەیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ر وه‌رزه لانیکه‌م جارێک کۆ ده‌بێته‌وه و پلینۆمی ئه‌مجاره‌شمان که‌وتبووه سەرەتای ساڵێکی تازەی کار و تێکوشانی حیزبی. جیا له‌وانه ئه‌م پلینۆمه به دوو هۆی دیکه‌ش گرینگی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بوو. یه‌که‌م ئه‌وه که تەقریبەن ساڵێک پێش ئێستا بوو کە هێندێک ئاڵوگۆڕ لە کادری رێبه‌ریی ئەم حیزبەدا کرا و ئەم پلینۆمە به جۆرێکیش دەرفەتی ئاوڕدانەوە لەم یەک ساڵە کارییەی ڕێبەری حیزب بوو؛ لەوەش گرینگتر ئێمە ساڵێکمان تێپەڕ کرد کە بۆ ناوچە و بۆ گەلی کورد ساڵێکی گرینگ و پڕ له چاوەڕوانی و هیوای دەسکەوت و سەرکەوتن بوو، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا زۆر شکست و نسکۆ و ناخۆشیشی بۆ گەلەکەمان تێدا بوو. له‌ڕاستیدا لەم ساڵەدا حەد و حدوودی زهرفیهتهكان چ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کان له ناوچه‌دا و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا و چ به‌تایبه‌تی بۆ بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌م قۆناغه‌دا روون بوونه‌وه. هه‌ربۆیه بۆ ئێمه وه‌ختی جهمعبهندییهکیش سه‌باره‌ت به بارودۆخێکی نوێ بوو که خه‌باتی له‌مه‌ودوای گه‌له‌که‌مان و خه‌باتی حیزبی ئێمه‌ی تێدا ده‌چێته پێش، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌م به‌ربه‌سته‌کانمان له‌به‌رچاو بوو هه‌م ده‌رفه‌ته‌کان بۆ ئه‌وه‌ی به‌و پێیه به‌رنامه‌ڕێژی بۆ ئاقاری سیاسی و تێکۆشانی حیزبیی خۆمان بکه‌ین. چونکه نیشانه‌کان هه‌رگیز یه‌کده‌ست نین و ئه‌گه‌ر له جێیه‌ک یا له به‌ستێنێکدا به‌ربه‌ست هه‌بوو، ده‌بینین که له جێیه‌کی دیکه یا له به‌ستنێکی دیکه‌دا ده‌رفه‌ت هه‌یه. بۆ نموونه یه‌کلابوونه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م یه‌ک ساڵه به‌تایبه‌تی له پاییز و زستانی رابردوودا به‌تایبه‌تی له باشووری کوردستاندا زۆرتر به‌لای زه‌قبوونه‌وه‌ی کۆسپ و ته‌گه‌ره بۆ خه‌باتی ئێمه‌دا شکایه‌وه، که‌چی له کۆتاییه‌کانی ساڵدا هه‌م له سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا و هه‌م له دۆخی نێوخۆی ئێران‌دا، دیتمان که دۆخی نوێ ده‌توانێ هه‌ڵگری ده‌رفه‌ت و زه‌رفیه‌تی تازه‌ش بۆ ئێمه بێ.
وه‌ک هه‌موو جارێک ئێمه هەڵسەنگاندنی هه‌لومه‌رجی خەباتی خۆمان بە سه‌رنجدان به بارودۆخی نێونەتەوەیی دەست پێ دەکەین. بۆچی ئێمە دەبێ سەرنج بدەینە بارودۆخی نێونەتەوەیی؟ چونکە دنیای ئەوڕۆ دنیایەکی پێکەوە گرێدراوە و دیاردەکان و ڕووداوەکان زۆر لە جاران زیاتر کاریگەری لە یەکتر وەردەگرن. لەڕاستیدا کێشە و ناکۆکییه ناوچه‌یی و محەلییەکان درێژکراوەی ململانێ و به‌ریه‌ککه‌وتنه جیهانییه‌کانن و یه‌كتر ته‌غزیه ده‌که‌ن. ئەو ناوچەیەش کە نیشتمانی ئێمەی لێ هەڵکەوتووە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە هەموو ئەو هۆکارانەی دەیزانین مەوقعیەتێکی تایبەتی و گرینگییەکی ستراتژیی هەیە و مەرکەزی سیقلی هاوکێشه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه. ئەو دەوڵەتانەش کە حاکمن بەسەر کوردستاندا بەتایبەتی ئێران ئەکتەری دیار و ئه‌کتیڤی ئه‌و ململانێ و ناکۆکییانه‌ن و ئاڵوگۆر له‌و هاوکێشانه‌دا راسته‌وخۆ به‌مانای گۆڕانی مه‌وقعییه‌تی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه و که‌وابوو گۆڕانی هه‌لومه‌رجی خه‌باتی گه‌لی ئێمه و حیزبی ئێمه‌یه.
هه‌روه‌ک ده‌زانن ئه‌م هاوکێشه و ململانێیانه‌ی ناوچه چه‌ند ساڵێکه له قه‌یرانی سوریه‌دا چڕ بوونه‌وه و ده‌مێکه ئه‌م قه‌یرانه و هه‌رچی به‌ده‌وری ئه‌م قه‌یرانه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه و په‌ره‌ی گرتووه، هه‌موو ئه‌کته‌ره جیهانی و ئیقلیمی و محه‌للییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بۆ لای خۆی راکێشاوه. سەرباری ئەو قەیرانە که‌موێنه‌یه که به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته و به‌هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌وه بۆ ناوچه دروست بووه، و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا کە زۆر باسی چارەسەرێکی هەمەلاگیری نێودەوڵه‌تی بۆ قەیرانی سوریە ده‌کرێ، بەڵام ئەوە هێشتا شکڵی نەگرتووە و ئاڵوگۆڕ و نیشانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ش زۆر دژبه‌یه‌کن. له‌لایه‌ک ئاڵوگۆڕه مه‌یدانییه‌کان له‌و ماوه‌یه‌دا زۆرتر بە قازانجی ده‌وڵەتی بەشار ئەسەد بووە، بەڵام لەولاشەوە هه‌روه‌ک دیتمان ئەمریکا و بریتانیا و فەرانسە به‌هۆی به‌کاربردنی چه‌کی شیمیایی گورزی نیزامیان لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد وەشاند، شتێک که ده‌توانێ وه‌ك نوختە وەرچەرخانێک لە مامەڵەی نێودەوڵەتی لە گەڵ قەیرانی سووریەدا چاو لێ بکرێ. بۆ ئێمه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه گرینگە که هه‌نگاوی عه‌مه‌لی به‌دژی به‌شار ئه‌سه‌د هاوکات بەرخوردە به‌و لایه‌نانەی پشتیوانی له دەوڵەتی بەشار ئەسەد ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی کۆماری ئیسلامی. بەو حاڵەش، لەبەر ئەوە کە ئایندهی ململانێ ناوچەییەکان زۆریش به رکابه‌ریی نێوان ئه‌و دوو هێزه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که جارێکی دیکه به‌کرده‌وه له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا راوه‌ستاون (واته ئه‌مریکا و روسیه)، و لەبەر ئەوەی هه‌روه‌ک گوتم هێشتا نیشانەکان دژبهدهنگن و تروسکایی کۆده‌نگییه‌کی نێوده‌وڵه‌تی به‌دی ناکرێ، جارێ زۆر زوویە کە بڵێین که ئه‌مه سەرەتای سیاسەتێکی مونسەجیم و بێگەڕانەوەی نێودەوڵەتی بە دژی حکوومەتی بەشار ئەسەد و له‌وه‌ش گرینگتر به‌دژی کۆماری ئیسلامیشە. هەربۆیه خوێندنەوەی ڕێبەریی حیزبی ئێمە ئه‌وه‌یه کە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ده‌بێ زەرفیەتە نێودەوڵەتییەکان ببینین و کەڵکیان لێ وەربگرین، بەڵام ده‌بێ ئاجێندای خەباتی خۆمان له‌پێشدا لەسەر بنەمای واقعیەتەکانی نێو کۆمه‌ڵگای خۆمان و پۆتانسیه‌لی هێزی خه‌ڵک ته‌نزیم بکه‌ین و هەر چاومان لەوە نەبێ کە داخوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چ مامەڵەیەک له‌گه‌ڵ موشکلاتی ناوچه‌ی ئێمه یا له‌گه‌ڵ جمهوریی ئیسلامی ده‌کا.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر نێوخۆی ئێران هەروەک دەزانن لە یەک ساڵی ڕابردوودا و به‌تایبه‌تی لە مه‌ودای نێوان دوو پلینۆم‌دا، بارودۆخی خەڵک له‌ڕووی ژیان و گوزەران و ماف و ئازادییه‌کانیانه‌وه خراپتر بووە و سه‌ره‌تای ده‌وره‌ی دووه‌می دەوڵه‌تی ڕووحانییش زیاتر له هه‌ر کاتێک نیشانی دا که کۆماری ئیسلامی ئیراده و کارامه‌یی چاره‌سه‌ری گیروگرفته‌کانی وڵات و کۆتایی هێنان به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات بۆ ماجه‌راجوویی ناوچه‌یی و هیچ چه‌شنه کرانه‌وه‌یه‌کی سیاسیی نیه. ئه‌مه‌ش خه‌ڵکی له هه‌ر جۆره ئیمکانێکی ئیسلاحی نیزام بێ ئومێد کردووه. هه‌ربۆیەش بوو کە له مانگی به‌فرانباری رابردوودا شه‌پۆلێکی ده‌توانین بڵێین بێوێنه له ئیعترازاتی خه‌ڵک له سه‌رتاسه‌ری ئێران‌دا وه‌ڕێ که‌وته‌وه که له‌ڕووی به‌ربڵاوی و شکانی ترسی خه‌لک و ئه‌وه که خه‌ڵک کولییه‌تی نیزامیان به هه‌ده‌ف ده‌گرت خیسڵه‌تێکی ته‌واو تازه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام وەک حەرەکەت و نارەزایەتییەکانی پێشوو زۆر کەموکوڕیشی هەبوو که خاڵی لاواز و پانیه‌ی ئاشیلی ئەم جۆرە حەرەکەتانەن. وەک هاوڕێیه‌كمان لە ڕۆژنامەی “کوردستان”دا نووسیویه‌تی، له‌ڕاستیدا ئه‌مڕۆ خەڵکی ئێران له‌نێوان بەرداشی بێ متمانەیی بە دەسەڵات و بێهیوایی بە ئایندەدا گیریان کردووە. بێ متمانەیی بە ڕێژیم مەعلوومە له‌به‌رچی؟ بێ هیواییش به ئاینده له‌به‌ر ئه‌وه که ئه‌و داوەڵە کە ڕێژیم سه‌باره‌ت به “بهسووریهیی کردن”ی ئێران بە خەڵکی نیشان دەدا واته ئه‌وه که گۆیا هه‌ر چه‌شنه ئاڵوگۆڕێکی سیاسی له ئێران مه‌رگ و ماڵوێرانی و بێسه‌روبه‌ره‌یی به‌دوای خۆیدا دێنێ تا ڕاده‌یه‌ک کاری خۆی کردووه، به‌تایبه‌تی له نەبوونی ئادرەس و مەرجەعیەتێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی رێژیم‌دا کە بتوانێ خەت و نیشان بەمجۆرە ناڕەزایەتییە خەڵکیانە بدا و ئه‌لترناتیڤێکی دڵخواز و جیددی بۆ دوای رێژیمی لێ بکه‌وێته‌وه.
لەو نێوەدا ئەوەی کە ئێمە دیتوومانە بە نیسبەت ڕێژیمەوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که گوتار و کرداری سەرانی ڕێژیم بە هەموو باڵ و پێکهاته‌کانیەوە هه‌رچه‌ند هەمیشە وهکیەک نیە بەڵام لە نیهایه‌تدا رێژیم له ته‌واوه‌تیی خۆیدا ئێستاش حازر نییە پەیامی ناڕه‌زایه‌تیی ئەو خەڵکە ببیستێ و هەنگاوی بە کردەوەی بۆ هەڵێنێتەوە. دیاره وه‌ختی وا، کێشە نێوخۆیەکانی ڕێژیم به‌رجه‌سته‌تر ده‌بنه‌وه و بەو شێوه‌یەیە کە دیاردەیەکی وەک ئەحمەدینژاد زیاتر لە ڕابردوو سەرنج ڕادەکێشێ و جەنجاڵ دروست دەکا. ئەگەر ڕۆژێک هێندێک لایەن لە ناوخۆی ئێران بەڕاستی هەنگاو هەڵێننەوە بۆ ئەوەی بچنە نێو بەرەی خەڵکەوە ئەو دەمە حیزبێکی سیاسی یا بژاردە سیاسییەکان دەزانن بەو جۆرەی کە بە قازانجی سەرکەوتنی خەباتی ئازادیخوازانەی خه‌ڵکه هەڵوێست بگرن. بەڵام تا ئەو وەخته کە ئەو شتە ڕووی نەداوه، دەبێ بڵێین کە کێشه نێوخۆییه‌کانی ڕێژیم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که شەڕی زێڕینگەری نین، بەڵام شەڕی خەڵکیش نین. ئەوان شەڕی خۆیان لەگەڵ یەکتر دەکەن نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر مافه‌کانی خه‌ڵک شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بکه‌ن. هەربۆیە خەڵکی ئێرانیش و خەڵکی ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێ ئەم شەڕە بە شەڕی خۆیان بزانن و لە هە حاڵ‌دا پێویسته خه‌باتی خه‌ڵک ته‌واوه‌تیی نیزام به ئامانج بگرێ.
تا ئەو جێگایە کە پێوەندیی بە کوردستانەکەی خۆمانەوە هەیە، لە هەمووان ئاشکرایە کە وەزعیەت لە کوردستان له‌چاو شوێنەکانی دیکەی ئێران چەند قات خراپترە. به‌و حاڵەش خەڵکی ئێمە لە یەک ساڵی ڕابردوودا و لە مانگەکانی دواییدا لە ڕابردووش زیاتر لەسەر پێ و لە مەیداندا بووە. خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕابردوویەکی دوور و درێژی لە خەبات و خۆڕاگری و خۆڕێکخستن هەیە. شتێک کە ئێمه وه‌ك حیزبێکی سیاسی ده‌بێ بیبینین ئەوەیە کە شعووری سیاسی و نەتەوەیی و مەدەنیی خەڵکی ئێمە هەتا دێ زیاتر دەبێ. لە یەک ساڵی ڕابردووش‌دا له قەزیەی کۆڵبەران و ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و بوومەلەرزەی پاییزی ڕابردوو و رێوڕه‌سمه نه‌ورۆزییه‌کان و مانگرتنه‌که‌ی ئێستای شارەکانی کوردستاندا، ئه‌وه‌مان به باشی به‌دی کرد که خەڵکی ئێمە بە دیدێکی شوناسخوازانەوە زۆر زیاتر له جاران خەریکی خۆڕێکخستن و خۆدەرخستنە. حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبێکی شۆرشگێڕه. به‌ڵام حیزبێکی سیاسی ده‌بێ کۆمه‌ڵگا به مه‌یدانی سه‌ره‌کیی خه‌بات بزانێ. هه‌ربۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ڕیسالەتی ئێمە وەکوو حیزبێکی سیاسی و شۆڕشگێر لە ڕیسالەتی چالاکانی مەدەنی جیاوازه، هه‌رله‌وکاته‌دا به‌ڵام حیزبی ئێمه زیاتر له 45 ساڵه به‌ستێنی ناوخۆ و فۆڕم و شێوازه جۆراوجۆره‌کانی له مه‌یداندابوونی خه‌ڵكی بۆ گرینگه. له دە دوازدە ساڵی ڕابردوودا حیزبی ئێمە زیاتریش هاندەری به‌ستێنی ناوخۆ بووه و تێکۆشاوه متمانەبەخشی بداته چالاکانی مەدەنی. لەم ڕێگایەدا ئەگەر جاری وا بووە حیزبه‌كه‌مان رووبه‌ڕووی ڕەخنە و تیر و توانجیش بۆته‌وه، به تێپه‌ڕینی زه‌مان دەرکەوتووە که هەوڵە گوتارییەکانی ئەو حیزبە بەرهەمی هەبووە و ته‌نانه‌ت جۆرێک فەرهەنگسازیی لە کۆمەڵگای سیاسی ئێمەدا لێ کەوتۆتەوە. دیاره ئێمه نابێ هه‌ر به پشتیوانیی گوتاری قه‌ناعه‌ت بکه‌ین و پێویسته له به‌رنامه‌ی کار و تێکۆشانیشماندا که دواتر باسی ده‌که‌ین ئه‌مه زیاتر ره‌نگ بداته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ستێنی کۆمه‌ڵگا و به‌ستێنی حیزبه‌کان به‌کرده‌وه و به دائیمی پێکه‌وه گرێ بدرێنه‌وه.
که دێینه سه‌ر باسی به‌ستێنی حیزبه‌کان چ له ئاستی ئێران و چ له ئاستی کوردستاندا، وەک هەمیشە گوتراوە، یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆن مونسەجیم و یەکگرتوو نیه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌و که‌مایه‌سییه چاره‌نووسسازه هه‌روا به‌رده‌وامه، ئه‌رکی ئێمه‌شه که له ئۆپۆزیسیۆنی سه‌راسه‌ریی ئێران غافڵ نه‌بین. مادام ئێمه هێشتا باسی چارەسەری مەسەلەی کوردی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی ئێران‌دا دەکەین، ئاڵوگۆڕ له پێته‌خت و بارودۆخی هه‌موو ئێران بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش گرینگه و ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی ئیدیعای سه‌راسه‌ری بوون ده‌که‌ن لهپێوهندیدا بین. ئێمه له یه‌ک ساڵی رابردوودا لەگه‌ڵ ژماره‌یه‌ک رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یی و ئێرانی چوارچێوه‌یه‌کمان بۆ لێکگه‌یشتن و هاوکاری به ناوی “شووڕای دێموکراسیخوازانی ئێران” دامه‌زراندووه و له‌گه‌ڵ هێندێک هه‌مایشی تری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییش له‌پێوه‌ندیداین هه‌تا یارمه‌تی به شکڵ گرتنی ئاڵترناتیڤ یان لانیکەم بنەماکانی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی بکه‌ین، دیاره به مه‌رجێك کە ڕوانگە و ئارەزووکانی خەڵکی کوردستان لەم پرۆسه‌ی ئاڵترناتیڤ سازییەدا ڕەنگدانەوەی هەبێ.
ئەولەویەت به‌ڵام بۆ ئێمە نێوماڵی کورد له‌پێشدا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. له یەک ساڵی ڕابردوودا بە خۆشییەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەسڵێکی تازەیان لە لێکنزیکبوونه‌وه و پێکەوە کارکردن دەست پێکردووە و ئێستا هاوفکری و هاوهه‌ڵوێستی له‌نێویاندا بۆته عاده‌ت. مه‌علوومه یه‌كگرتن و هاوکاریی نێوان حیزبه‌كان هێشتا ئاسته‌نگ و که‌موکوڕیی زۆره. بەڵام ئەوە کە بە ناوی “ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی کوردستانی ئێران” درووست بووە، چوارچێوەیەکی باش و هیوابەخش بۆ یه‌كخستنی هێز و وزه‌ی خه‌باتگێڕیی گه‌له‌که‌مانه. دیاره حیزبی ئێمە لەو باوەڕەدایە کە بۆ ئەوە کە ئەم پرۆسه‌یە بەرهەمدارتر بێ، پێویستە توانا و که‌ره‌سه‌ی کاریی حیزبه‌کان له هه‌موو بوارهزیاتر له هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌دا ده‌کار بخا؛ پێویسته ئه‌و ناوەندە بە جۆرێک کار بکا کە هاوکاری و هاوخەباتیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نه‌هادینه بێ و له نیهایه‌تدا به‌ره‌یه‌کی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی لێ بکه‌وێته‌وه؛ ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش زیاد بکەم که حیزبی ئێمه بەو تایبەتمەندییە سیاسییەی هه‌یه‌تی و بەو زەرفیەتە سیاسیانەی لە خۆیدا درووست کردووە، چاوەڕوانیی ئه‌وه‌شی هەیە کە ناوەندی هاوکاری زیاتر بە کۆمەڵگای نێوخۆی رۆژهه‌ڵات وەسڵ بێ و ئیلهام و کاریگەریی زۆرتر لە واقعیاتی نێوخۆ وەربگرێ.
له‌نێو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ئەوەی بۆ ئێمە نزیکتر و گرینگترە وەک بنەماڵه‌ی سیاسی، بێگومان لایەنەکەی دیکەی دێموکراتە. پرسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکراتیش یەکێک لە بڕگەکانی کاری ئەم دانیشتنە سێ ڕۆژییەی کۆمیتەی مەرکەزیی حیزب بوو. بەخۆشییەوە لە ئاکامی سیاسەتی دروستی حیزبی ئێمە که سیاسه‌تی به‌و پرسه‌وه نه‌کردوه و به دیدێكی ستراتژییه‌وه کاری جیددیی بۆ کردووه (تەنانەت ئەوەندەی کار لەسەر کردووە کە زۆر جار لە ڕیزەکانی خۆشمان‌دا ره‌خنه و گله‌یی هاتۆته‌وه سه‌ر)، کۆمەڵێک دەسکەوتی باش له‌و پرۆسه‌یه‌دا وه‌دی هاتووه. بەڵام دەزانین کە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان هیشتا وەدی نەهاتووە؛ ئەگەر وەدینەهاتووە و ساڵانیکی زۆر خەڵکی لە چاوەڕوانی دا هێشتۆتەوە، مەعنای ئەوەیە که هێشتا کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرە له‌سه‌ر رێگای به‌ئه‌نجامگه‌یشتنی پرۆسه‌که ماون. وه‌ک ده‌زانن به‌هۆی کۆنگرەی شازدەهەمی حدکا و ئەو پرسیارانه که گۆڕینی پێکهاته‌ی حیزبیی هاوڕێیانمان له‌سه‌ر پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دروست کردبوون، ماوه‌یه‌ک بوو دانیشتن و گفتگۆی دوو لایه‌ن بۆ یه‌كگرتنه‌وه راوه‌ستابوو. ئێستا پلینۆمی ئێمه هێندێک ڕێنوێنیی داوە بە هەیئەتهکهمان هه‌تا له مانگه‌کانی داهاتوودا به جیدییه‌ته‌وه ته‌عقیبی ئه‌و پرسه ده‌ست پێ بکاته‌وه و وا بکه‌ین که به وه‌به‌رچاوگرتنی چاوه‌ڕوانیی ته‌شکیلاتی خۆمان، به‌ڵام له‌وه‌ش گرینگتر چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی کوردستان، ئه‌و پرۆسه‌یه به ئه‌نجامی دیار و دڵخواز بگا.
ڕێبەرایەتیی حیزبی ئێمە هەر جار که کۆبوونەوە دەگرێ، پێویسته چاوی له وه‌زعیه‌تی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش بێ، چونکه ئێمه به‌شێكین له نه‌ته‌وه‌یه‌ک که دابه‌ش کراوه؛ وه‌زعیه‌تی وڵاتانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا وای کردووه که هه‌میشه بزوتنه‌وه‌ی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کورستان، پارچه‌ی دیکه‌ی کوردستان وه‌ك سه‌کۆیه‌کی بۆ خه‌باتی خۆی به‌کار ببا. بۆ ئێمه باشووری کوردستان به‌داخه‌وه هێشتا ئه‌و سهكۆیهیه. بۆیه ده‌ڵیم به‌داخه‌وه چونکه ئیده‌ئال ئه‌وه‌یه ئێمه به ئازادی له‌نێو خه‌ڵكی خۆمان و له‌سه‌ر خاکی خۆمان خه‌بات بکه‌ین و سه‌رکردایه‌تیی ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی جوغرافیای ئه‌سڵیی خه‌بات نه‌بێ. له‌لایه‌کی دیکه‌وه خه‌بات و بارودۆخی پارچه‌کانی کوردستان کارتێکه‌ری له یه‌ك ده‌كه‌ن، هه‌م ده‌توانن ئیلهام به یه‌كتر بده‌ن، هه‌م ده‌توانن ببنه کۆسپ و ته‌گه‌ره بۆ یه‌كتر. ڕێبه‌رایه‌تیی ئێمه پێی وایه ئه‌وه که پاییزی ڕابردوودا دوای دونیایه‌ک ئۆمێد و چاوه‌ڕاونی له باشووری کوردستان ڕووی دا به‌شێکی گرینگی ده‌رئه‌نجامی نایه‌کگرتوویی هێز و لایه‌نه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بوو. ئێستا که ئه‌گه‌رچی کاتی ململانه‌ی هه‌ڵبژاردنه، به‌ڵام له‌سه‌ریه‌ک هه‌رێمی کوردستان خه‌ریک خۆڕێکخستنه‌وه و ده‌سپێکردنه‌وه‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدایه، هیوادارین ئه‌مجاره ئیدی به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ک و یه‌کخستنه‌وه‌یه‌کی ڕوانینه ستراتیژییه‌کان له باشوری کوردستان وا بکا که جارێکی دیکه ناکۆکی و ململانه‌ی حیزبی و سیاسی نه‌بێته هۆی ئه‌وه که شتی ناخۆش بۆ گه‌له‌که‌مان له‌و به‌شه له کوردستان دووپاته بێته‌وه. له باکووری کوردستان، ئێمه ئه‌و وه‌زعییه‌ته‌ی که ئێستا له‌وێ زاڵه، زۆر به جێگای داخ ده‌زانین و ئاره‌زوومان ئه‌وه‌یه که به‌ستێنی دیالۆگ و ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ری سیاسی و شارستانیانه‌ی کێشه‌کان دروست بێته‌وه. سه‌باره‌ت به ڕۆژئاوای کوردستانیش، که‌وتنی عه‌فرین و هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی ئێمه له ڕۆژئاوا هات زۆر تاڵ بوو. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه که خۆڕاگری و قوربانی دانی رۆڵه‌کانی ئه‌و گه‌له له رۆژئاوا یه‌کجار شیاوی ڕێز لێگرتن و ستایشه، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌شداین که به‌ده‌ر له سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان، کوردیش ده‌بێ بناخه و ئاجێندای خه‌باتی خۆی وه‌ها دابنێ که ئه‌زموونێک که له پارچه‌یه‌کی کوردستاندا شکڵ ده‌گرێ ئه‌وه‌نده نایه‌کگرتوو نه‌بێ یان ئه‌وه‌نده مۆرکی تابعیه‌ت له هێزی پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستانی لێ نه‌درێ که ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا ئه‌وه‌نده رووهه‌ڵماڵاوانه لێی وه‌خۆکه‌ون و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییش مته‌قی لێوه نه‌یه.
سه‌باره‌ت به سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه‌ی کورد، ئێمه یه‌ک میلله‌تین و ده‌بێ هاوپێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌بێ و ئه‌گه‌ر دیسان باس له دروست کردنی چوارچێوه‌یه‌ک بۆ موناقشه‌ی و لێکگه‌یشتنی نێونه‌ته‌وه‌یی کرا، حیزبی ئێمه وێڕای ئه‌وه‌ی قسه‌ی خۆی هه‌یه و سه‌نگی رۆژهه‌ڵات ده‌کاته پێوه‌ر، پێشوازییش له شکڵ‌گرتنی هه‌ر چوارچێوه‌یه‌کی هه‌مه‌لاگیر ده‌كا که په‌ره به هاوپێوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و جێخستنی ئوسووڵێک بۆ موناسباتی نێوخۆیی بزوتنه‌وه‌ی کورد بکا. به‌ڵام له‌هه‌ر حاڵ‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه و به‌له‌به‌رچاوگرتنی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه، ده‌ستتێوه‌ردانی هێزی هه‌ر پارچه‌یه‌ی کوردستان له پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستاندا زه‌ربه له‌و پارچه‌یه له کوردستان و له پێشوه‌چوونی سه‌رجه‌م خه‌باتی کورد ده‌دا. له‌م پلینۆمهشدا ڕێبه‌ریی ئێمه به روونی سیاسه‌تی هێندێک هێزی کوردیی که ده‌یانه‌وێ له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ئیمتدادیان هه‌بێ له‌حاڵێکدا که له ئه‌سڵدا و له‌پێشدا بۆ خه‌بات له پارچه‌که‌ی خۆیان دروست بوون به زیانبه‌خش بۆ خه‌باتی پارچه‌کانی دیکه و ته‌نانه‌ت بۆ خه‌باتی خۆشیان ده‌زانێ. وه‌ک خۆمان ئێمه له عه‌ینی ئه‌وه‌دا که هاوپێوه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییمان بۆ گرینگه به‌ڵام ته‌ئکید له‌سه‌ر رۆژههڵاتتهوهری ده‌که‌ینه‌وه، چونکه ئه‌رکی یه‌که‌می ئێمه کارکردنه بۆ ڕۆژهه‌ڵات. له‌ولاشه‌وه، هێزه‌کانی دیکه‌ش ده‌بێ ڕێز له‌وه بگرن که هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان ده‌بێ بۆخۆی نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بکا و ئاجێندای خه‌باتی خۆی تهنزیک بکا؛ هێز و لایه‌نی هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان نابێ کۆسپ و له‌مپه‌ر له‌سه‌ر چوونه پێشی خه‌باتی کورد له پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان دروست بکا. لێره‌دا پلینۆمی به راشکاوی سه‌رنجی خه‌ڵکی خۆمان له نێوخۆی وڵات به‌تایبه‌تی له‌نێو توێژی لاوی‌دا بۆ ئه‌وه راکێشاوه که ئاگادار بن سیاسه‌تی له په‌ڕاوێزخستنی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌نیا کاری ده‌وڵه‌تی حاکم به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نیه، به‌ڵکوو به‌داخه‌وه به هه‌ر هۆ و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک بووه، چه‌شنێک هاوکاری و هاوده‌ستیی هێندێک هێزی کوردیشی له‌گه‌ڵه.