لە سەر داوای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک لە سەرکردە شیعەکان، لە شارەکانی ئێران، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان دەکەن.
لە بەشێک لە شارەکانی ئێران، تابلۆی بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە شەقامەکانی ئێران هەڵواسراوە، هەروەها نووری مالیکی، سەرۆکی حیزبی دەعوە و جێگری سەرۆک کۆماری عێراقیش دەبیندرێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەرێتەوە، وێنە و پۆستێری عەرەبە شیعەکانی لە شارەکانی وەک شەقامی زەینەبیەی شاری ئیسفەهان، لە مەیدانی عاشقی، هەڵواسیوە کە بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق، لە ئێران دەستی پێکردوە و بەشێکی بەرچاو لە سەرکردە شیعەکان، لە شارەکانی ئێران بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن.
پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو، کە هاووڵاتییانی زۆر لە فارس و ئێرانییەکان، بەهۆی مەزهەبگەری و شیعەچێتییەوە، رەگەزنامەی عێراقییان پێدراوە، ئێستاش گومان دەکرێ، کە هەڵگرانی رەگەزنامەی عێراقی لە ئێران ئەوەندە زۆربن، کە پێویست دەکا، بانگەشەی هەڵبژاردن لە شارەکانی ئێرانیش بکرێ.
نزیکەی مانگێکە لە عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە، لە ڕۆژی ٢٢ی بانەمەڕ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێ دەکا، زیاتر لە 7 هەزار کەس، کێبڕکێ لەسەر 328 کورسی دەکەن.