حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران، پاش چەند ڕۆژ لە بڕیاری فیلتێرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام لە ئێران، بە توندی ڕەخنە لە عەلی خامنەیی گرت و ڕێبەری ئێران لە بەرانبەر ئەو ئەو کارە بە بەرپرسیار زانی.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حەسەن ڕۆحانی لەبارەی فیلتێرکردنی تێلێگرام لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئینستاگرام” نووسیویەتی: “حکوومەت و کابینەکەی لە داخرانی تێلێگرامدا هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە و جێبەجێشی نەکردووە و بڕیاریشی لەبارەوە نەداوە” بەڵکوو سەرچاوەی ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزترین دەسەڵاتە ئەمنیەتییەکان و دەبێ لە بەرانبەر ئەو کارەشدا وەڵامدەر بن.
ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو دادستانی لقی ٢ی دادگای فەرهەنگ و ڕاگەیاندنی تاران، بڕیاری فیلتێرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرامدا و بەپێی ئەو بڕیارە بەکارهێنەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لەلایەن دەزگا ڕەسمییەکانی ئێرانەوە بە تاوانبار دەزانن و سزا دەدرێن.
پاش ئەو بڕیارە زۆرێک لە دامودەزگا، ناوەند و ئاژانس و ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و میدیای ئێرانی لە نێوخۆ کەناڵەکانیان لە تێلێگرام داخست و کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە و حکوومەتی حەسەن ڕۆحانی ڕەخنەی توندی لەم بڕیارە گرتووە و بە بڕیارێکی ئەمنیەتیی لەقەڵەم داوە و هەروەها دەڵێ: “ئەگەر لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدا کرابێ، بڕیارێکە و بۆ بەربەست و کێشە خولقاندنی خەڵک گیراوەتە بەر و دەبێ خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەم وڵاتە کە خەڵکن، ئاگاداری ڕاستییەکان بن”.
سەرکۆماری ئێران کە سەرۆکی شورای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش دێتە ئەژمار و زۆر جار بڕیارە باڵا ئەمنییەکان لەلایەن ئەو دامەزراوەوە دەردەکرێن، بۆیە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، هەندێ جار لە ڕێگەی دامەزراوە ئەمنیەتی و دادوەرییەکانەوە، بڕیارەکانی خۆی بەسەر دەوڵەت یان مەجلیسی ئێراندا دەسەپێنێ.