رۆژی هەێنی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب، لە بنکەی سەرکردایەتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ ئەندامانی حیزب لە هەولێر و دەوروبەری پێکهێنا.
کۆبوونەوەکە بە سرودی ئەی رەقیب دەستیپێکرد و ناسر سادقی بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە وێڕای بەخێرهاتنی شاندی حیزب بۆ هەولێر داوای لە کاک کەماڵ کەریمی کرد سەبارەت بە دوایین پلینۆمی حیزب و دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئامادەبووان بدوێت.
کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب لە قسەکانیدا رایگەیاند، مانگرتنی رۆژانی رابردووی شاری بانە بەرهەمی وشیاری سیاسیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییە مەدەنی و سیاسییەکان و جەختی لەوەکردەوە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شارە سنوورییەکان، شارەکانی دیکەش پەیوەستی مانگرتنی دانیشتووانی شاری بانە بن.
لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا بەڕێز کەمال کەریمی رایگەیاند، هەرچەند حدک ئێستا بووەتە دەنگی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگای کوردی بەڵام لەبەر گرنگی یەکگرتوویی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوایین کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حدکا بڕیاریانداوە درێژە بە ڕەوتی دانوستاندنەکان بۆ یەکگرتنەوە بدەن. دواتر بەشێک لە بەشداربووان پرسیار و تێبینی خۆیانیان باسکرد و پاشان کاک کەماڵ کەریمی وڵامی پرسیار و تێبینییەکانی دایەوە.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا چیا مەلاک بەرپرسی کۆمیتەی هەولێری حیزبی دیموکراتی کوردستان ، راپۆڕتێکی لەسەر کاروچالاکییەکانی کۆمیتە لە سێ مانگی رابردوو پێشکەشکرد.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکە لەوحەی رێزلێنانی کۆمیتەی هەولێر لەلایەن کەماڵ کەریمی، خالید وەنەوەشە و مەولوود سوارە ئەندامانی رێبەری حێزب پێشکەش بە 8 کەس لە ئەندامانی حیزب لە هەولێر کرا، کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا چالاکانە بەشدارییان لەکاروباری حیزبیدا کردووە.