ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ مانگرتنی کاسبکاران و دووکاندارانی شاری بانە پێی نایە ٢١مین رۆژی خۆیەوەو بەم شێوە سێ حەوتەیە کە خەڵکی ناڕازی شاری بانە سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لە مانگرتن بەردەوامن.
ئەو مانگرتنە کە رۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ دەستیپێکردوەو دوای تێپەڕبوونی ٢١ رۆژ، هێشتا بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکان سەربارەت بە داخستنی سنوورەکان، هیچ وڵامێکیان بە خەڵکی مانگرتوو نەداوەتەوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە کەشێکی ئەمنیەتیدا مانگرتنەکان هێشتا بەردەوامەو ڕۆژی ڕابردوو لە ٢٠مین رۆژی مانگرتنەکاندا، لە نێوان هێزە ئینتیزامییەکان و خەڵکی ناڕازی تێکهەڵچوون و ئاڵۆزی رووی داوەو لە ئاکامی ئەو ناڕەزایەتی دەربڕییانە، ١٠ کەس لە مانگرتووان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون ، کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە چارەنووسیان ناڕوونە.
هەروەها ئەمرۆ شەممە بەشێکی بەرچاو لە دووکانداران و کاسبکارانی لە ٢١مین رۆژ ، درێژەیان بە مانگرتن داوەو شاری بانە بە تەواوی لە لایەن هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکانەوە میلیتاریزە کراوە.