محەممەدباقر نۆبەخت، وتەبێژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جێگری سەرکۆماری ئێران لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە، ئەگەری زۆرە ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوکی بکشێتەوە و دەبێ خۆمان بۆ هەلومەرجی نوێ ئامادە بکەین.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی نێوخۆی ئێران محەممەدباقر نۆبەخت کەلە شاری ئەنزەلی قسەی دەکرد، خەڵکی ئاگادار کردەوە کە هەلومەرجی ئێران لەوانەیە بەو زووانە گۆڕانکاریی بەسەردا بێ و ئێمە ئامادەی گۆڕانکاریی بارودۆخەکەین و دەبێ خۆمان بۆ هەلومەرجی جیاواز ئامادە بکەین”.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەستیان بەوە کردووە کە ئەگەر ئەمریکا لە بەرجام بکشێتەوە چ قەیرانێک بەرۆکی ئەو وڵاتە دەگرێ. هەر ئێستا بارودۆخی ئابووری خەڵک تووشی قەیران هاتووە و هێڵی هەژاری زەنگی مەترسیی لێداوە.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەرانسە لە سەفەری ئەم دوایەی خۆیدا بۆ ئەمریکا گوتی: “ئەگەری زۆرە کە دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران بکشێتەوە و بەمەش دۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێ”.
قەرارە ڕۆژی ٢٢ی بانەمەڕ، دۆناڵد ترامپ بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی هاتنە دەرەوە یان مانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران (بەرجام) ڕابگەیەنێ و خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکلا بکاتەوە.