ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە درێژەی هەوڵدان بۆ هاوکاریی و کاری زیاتر سیمینارێکی هاوبەشیان لە “ژێرناوی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان” بە مێوانداریەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێوەبرد.
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سیمینارێک تایبەت بە باسکردن لەسەر تیرۆر و تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بە بەشداریی نوێنەرانی ٥ حیزبی کوردستانی ئێران و، لە ٤ پانێلی جیاجیادا بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەو سیمینارە بەڕێز قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە مەبەستەکانی ئەو سیمینارە کورتەیەکی پێشکەش کرد.
لە یەکەمین بەشی ئەو سیمینارە هەرکام لە بەڕێزان محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ، دوو پانێلیان بەڕێوەبرد.
بەڕێز محەممەد نەزیف قادری سەرەتا بە باسکردن لە هەلومەرجی سیاسی و مەدەنیی کوردستان لە ئێستادا و، بە لەبەرچاو گرتنی بزاڤی نەتەوەیی – دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان، بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان یەکدەنگی و یەکگرتوویی حیزبەکانی بە پێویست زانی.
بەڕێزیان لە بەشی دوویەمی قسەکانیدا تیرۆری لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە چەمکێکی هزریی لە قەڵەم دا، کە بۆ مانەوەو درێژە پێدان بە دەسەڵاتی خۆی هەر لەسەرەتاوە باوەڕمەندانە کەڵکی لێوەرگرتووەو
کوشتنی جیابیران و دژبەرانی لە سەرەتای هاتنی سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تا ئێستا هەر درێژەی هەیە.
دوویەمین کۆڕگێڕی ئەو سیمینارە بەڕێز ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بابەتێکی لە ژێڕناوی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و خەسارەکانی لە بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەڕێوەبرد.
بەڕێزیان سەرەتای باسەکەی بە هەوڵە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی بزووتنەوەی گەلی کورد و مەشرووعییەت بەخشێن بە تێرۆری موخالیفەکانی خۆی دەسپێکرد و لەوبارەوە کۆمەڵێک خاڵی پیوەندیداری شی کردەوە.
بەریز ساڵح شەریفی لەو باوەڕەدا بوو کە سەرەڕای مەحکوومبوونی کۆماری ئیسلامی لە لایەن دادگا و ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە ئێستاشی لەگەڵ بێ کردەوەی تیرۆریستییەکانی ئەو رێژیمە بەشێکە لە پیلان و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تاران .
لە کۆتایی یەکەم پانیلی سیمیناری تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی پاش قسەکانی هەردوو کوڕگێڕ چەند کەس لە ئامادەبووان پرسیار و تێبینی خۆیانیان باس کرد و دواتر لەلایەن ئەو بەڕێزانەوە وڵامیان درایەوە.
دوای وەرگرتنی پشوویەک سیمینارەکە لە کاتی دیاری کراوی خۆی درێژەی پێدرا.
لە پانێلێکی دیکەدا هەردوو بەڕێزان کاک قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و رێبوار حسێنی ئەندامی دەفتەری سیاسیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دوو بابەتی دیکەیان پێشکەش کرد.
بەڕێز قادر وریا لە سەر بە دۆکیۆمێنت کردن و ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتیی لە تاوانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی قسەی کرد.
بەڕێزیان لەو بارەوە بە باسکردن لە گرینگی بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت کردنی کردەوە تیرۆریستییەکان درێژی بە وتەکانی دا.
بەڕێز قادروریا بە وەبیرهێنانەوەی کۆمەڵێک تیرۆری تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی باشووری کوردستان بە دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا وتی: بەداخەوە تاوانە تیرۆریستییەکان جیالەوەی گیانی کۆمەڵێک تێکۆشەر و سەرمایەی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی ئەستاندوە، لەسەر پێوەندی نێوان دوو بەشی کوردستانیش کاریگەریی داناوەو خەساری گەیاندوە.
بەرێزیان لە درێژەی قسەکانیدا شێواز و نموونەکانی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی باشوور و بەدژی تێکۆشەرانی دێموکراتی خستە ڕوو.
کاک قادر وریا لە سەر هۆکاری پەرەسەندنی تیرۆرەکان بە دژی تێکۆشەرانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەچەند خاڵ دا.
لەوپێوەندییەدا بە بڵاوکردنەوەی دادتا و رێژی تاوانە تیرۆریستییەکان، هۆی پەرەسەندی کردەوە تیرۆریستییەکانی لە دەیەی ٩٠ی زایینیدا بۆ شەڕی نێوخۆیی و پێوەندی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لە گەڵ دژبەرانی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات گەڕاندەوە.
لە کۆتاییدا بەرێز قادر وریا فەرامۆش کردنی تاوانە تیرۆریستییەکان و کەمتەرخەمیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی لەو بارەوە بە خەسار زانی و یەکێک لە ڕێگاکانی لە بیر نەچوونەوەی ئەو تیرۆرانە و بردنەوەی سەری تێچووی دووپاتنەبوونەوەیان، بە دۆکیۆمێنت کردنیان و ئاگادار کردنی بیرۆڕای گشتیی بە خەڵێکی گرینگ لە قەڵەم دا.
دوای قسەکانی بەڕێز قادر وریا، لە درێژەی سیمینارەکە بەڕێز ڕێبوار حسێنی ئەندامی دەفتەری سیاسیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران باسێکی لە ژێرناوی پێویستی زێندووکردنەوەی کەیسە تیرۆریستییەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی بەڕێوەبرد.
بەڕێز رێبوار حسێنی لە وتەکانیدا تیرۆر و شەهید کردنی کادر و تێکۆشەران و ئەندامانی سازمان و حیزبەکانی کوردستانی ئیران ، نیشتەجێی باشووری کوردستانی بە تایبەتی لە ساڵەکانی ١٩٩١ی زایینی بە برینیکی قووڵ لە جەستەی تاک تاکی خەڵکی کوردستان زانی و بۆ پێشگرتن و لە قاودانی پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی چەندین پیشنیاری وەکوو کارکردن بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر کەسانی تیرۆرکراو و ئاشکرا کردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و گەیاندنی دەنگی مافخوازانە گەلی کورد بە کۆڕ وکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و چەند خاڵێکی دیکەی بۆ کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی خستەڕوو.
لە بڕگەی دیکەی کاری سیمیناری تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستاندا دوای کۆتایی هاتنی دوو پانێلی دیکە بەشێک لە بەشداربووان لە گفتگۆیەکی کراوەدا پرسیار وتێبینی خۆیانیان باس کرد.