کەڕنەڤاڵێکی تایبەت بە کەلەپووری کوردەواری لە قەڵای تێکۆشەرانی دێموکرات بەڕێوەچوو.
رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕی ٩٧ی هەتاوی بە دەستپێشخەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و، هاوکاری خاتوونە بەڕیزەکانی بنەماڵەی دێموکرات ، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کەڕنەڤاڵێکی ڕازاوە و تایبەت بە کەلەپووری کوردەواری بەرێوەچوو.
ئەو کەڕنەڤاڵە سەرەتا دوای نیوەڕۆ خوانێک کە تەرخان کرابوو بە چێشت وخواردنە کوردییەکان لە کەشێکی پێشمەرگانەو دۆستانە لە یەکێک لە سالۆنەکانی حیزب دەستی پێکرد و چەند کاتژمێری خایاند.
بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادروپیشمەرەگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو ساڵانی پێشوو کەڕنەڤاڵی بەهاری بە مەبەستی ڕیزگرتن و زیاتر ناساندی کەلەپووری کوردی و هەروەها دڵخۆشی بەخشین بە پێشمەرەگەکانی سەنگەری خەبات، ژنانی تێکۆشەر و ماندوویینەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان فستیڤاڵی ئەمساڵیشیان بەڕێوە برد.
سەرەتا پێشکەشکار سەرگوڵ شەهبازی کورتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و پاشان سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان باسی لە مەبەستەکانی ئەو کەڕنەڤاڵە کرد.
سۆەیلا قادری وێڕای بەخێرهاتن کردنی میوانان و ئامادەبووان وتی: ژنانی تێکۆشەری نێوڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، پاراستنی داب و نەریتەکانی کوردەواری کە بەشێکی گرینگە لە شووناسی نەتەوەیی بە ئەرکی خۆیان دەزانن و چەند ساڵێکە لە هەوڵدان هاوکات لە گەڵ وەرزی دەمکردنەوەی گوڵ و شکۆفەکان ، شکۆیەک بە سەنگەری خەباتکارانی دێموکرات ببەخشن و، دایکانە و خوشکانە کوڕ وکچانی پێشمەرگە دڵخۆش بکەن، هەربۆیە لە ئەوپەڕی هەستی پێشمەرگانەوە کەڕنەڤاڵی بەهاریی ئەمساڵیش بەڕێوەدەبن و ورەو دڵگەرمی بە رێزەکانی حیزب دەبەخش، چونکە پێشمەرگە بۆ درێژەدان بە خەبات پێویستی بە دڵخۆشی و هیوابەخشینە.
دوای قسەکانی خاتوو سۆەیلا، هونەرمەند ئاوات بۆکانی چەند گۆرانییەکی پێشکەش بەو کەڕنەڤاڵە کرد.
هەروەها یەکێک لە مێوانەکان بەناوی هێمن ئەحمەد بە گۆرانی “شیرین بەهارە” کەڕنەڤاڵەکەی ڕازاندەوە.
پاشان بەناوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە دووپێشمەرگەی زەحمەتکێش کە ماندوون بە پێڕاگەیشتن و ئاوەدانهێشتنەوەی حەوشەی قەڵا ، کە لە بەهاری سرووشتدا، گوڵ و شکۆفەکانی موژدەی بەهاری ئازادی دەدا ، بە ناوەکانی سیروان تەوحیدی و کارزان ڕەزم لەوحی ڕێزلێنانیان لە لایەن سکرتێری ئەو یەکیەتییە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا شۆڕش ئەڵاوەیسی بەبەڕێوەبردنی ئیستێندئاپێکی کۆمێدیی بزەو پێکەنینی لەسەر لێوی بەشداربووان نەخشاند.
بەرنامەیەک تایبەت بە “پرسیار وڵامدانەوەی ئامادەبووان” بڕگەیەکی دیکەی ئەو کەڕنەڤاڵە بوو.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا وەکوو وەفایەک بۆ سەرجەم تێکۆشەرانی سەنگەری خەبات، بە تایبەتی ئەوانەی وا لە پێناوی بەرگری کردن لە خاک و وڵات، زیانی جەستەییان لێکەوتووە، بۆ نموونە کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی کە لە کەڕنەڤاڵەدا حوزووری هەبوو بانگ کرا سەر شانۆ و، بەڕیزیان بە دەنگە خۆشەکەی و وتنەوەی گۆرانی “خوایە وەتەن ئاوا کەی” ڕێزی لەو کەڕنەڤاڵە گرت و بەشداربووانیش بە گەرمی چەپڵەڕێزانیان کرد.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی زانی کە سپاس و پێزانینی خۆی پیشکەش بکا بە سەرجەم کەس ولایەن و ئۆرگانە حیزبییەکان کە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کەڕنەڤاڵی بەهاری هاوکارییان کردوون و هەربۆیە یەکێک لە بڕگەکانی ئەو کەڕنەڤاڵە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرا بوو.
دوای هەڵپەڕکێی گشتیی ئەو ڕێوڕەسمە کۆتاییپێهات.