کۆبوونەوەیەکی سیاسی – تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە کادر و پێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهات.
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕ، بە مەبەستی باسکردنی بابەت و بڕیاراتی هەشتەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتی بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوەدا بەڕێز دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە جێگر سکرتێری گشتیی حیزب، بۆ بەشداربووان قسەی کرد.
بەڕێزیان لە دەسپێکی قسەکانیدا ئیشارەی بە بەرنامەی کاری پلینۆمی هەشتەمی حیزب کرد و بە وردی سەرنج و خوێندنەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی بۆ رووداو و ئاڵۆگۆڕە سیاسییەکانی جیهان ، بەتایبەتی رووداوە ناوچەییەکان کە کاریگەریی هەیە بەسەر پرسی کورد و خەباتەکەی، خستە بەرباس.
بەڕێزیان سەرەتا ئاورێکی لە رووداوەکانی ساڵی ڕابردوو دایەوە و، باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی ئەگەرچی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هندێک لە دەسکەوتەکان بە هۆکارگەلێک شکستیان هێنا و کۆبەندی ڕووداوە سیاسییەکانی ساڵی ڕابردوو و شی کردنەوەیان کە لە بەرنامەی کاری ٨مین پلینۆمدا هاتبوو بۆ بەشدارانی باس کرد و سەبارەت بە ئاڵۆگۆڕەکانی ناوچە نێوانی دوو پلینۆمی حیزب و دەنگدانەوەیان لە بیروڕاگۆڕینی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، لەو بارەوە وتی: بۆ ئەوەی زیاتر لە دۆخی سیاسیی ئێران و بەتایبەتی کوردستان تێبگەین پێویستە سەرەتا باردۆخی نێونەتەوەیی لە پێشچاو بگرین.
چونکە لە دنیا ئەمرۆدا کێشە ناوچەییەکان بەجۆرێک درێژکراوەی کێشە نێونەتەوەییەکان و بێگومان لەسەر ئێمەش وەکوو کورد کاریگەریی دەبێ.
دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە بۆ روونتر گەیاندنی هەڵسەنگاندنی کۆمیتەی ناوەندی حدک لە هەمبەر ڕووداوە ئیقلیمییەکان و ڕەوشی سیاسیی کورد و مەعامەڵە و ململانێی زلهێزەکان ، بارودۆخی سووریە و عێراقی بە نموونە هێنایەوە.
جێگرسکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا پەڕژایە سەر دۆخی سیاسیی ئێران و وەزعیەتی ئێستاکەی کۆماری ئیسلامی.
بەڕیز ئاسۆحەسەنزادە سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسیی ئێران، بە تایبەتی لەساڵی ڕابردوودا لەو بارەوە وتی: ئەوەی ئێستاکە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبیندرێ، خراپبوونی باری ئابووری و هەدەردانی سروەت وسامانی وڵات و کێشەکانی بەردەم حەسەن رووحانییە و ناکارامەیی دەوڵەتەکەیەتی.
ئەزموونی دەوڵەتەکانی پێشووتر و هەروەها دەرفەتی دووبارەی حەسەن رووحانی و جێبەجێ نەکردنی وادەو بەڵینیەکانی و بێزاری خەڵکی ئێران، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە خەڵکی ئێران لە هەرچەشەنە چاکسازییەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی نائومێد بوون.
بەڕێزیان لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نێو باڵەکانی ڕێژیم و یەکتر تاوانبارکردنیان، ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو کۆمیتەی ناوەندی حیزب لەسەر ئەو باوەڕەین کە شەڕی نێوباڵەکانی رێژیم، شەڕی خەڵک نیە و بەڵکوو شەڕی دەسەڵات بەدەستەوە گرتنە.
ئەوەی بەلای ئێمەوە گرینگە سەرنجدانە بە وەزعیەتی کوردستان، کە یەکێک لە بەرنامەی کاری ٨مین پلینۆمی حیزب بوو.
ئاسۆحەسەن زادە بە پشتبەستن بە بڕیارات و هەڵسەنگاندنی کۆمیتەی ناوەندی لە پێوەندی لەگەڵ هەلومەرجی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتیی کوردستان، لەو بارەوە وتی: ئاشکرایە گرفت و کێشەکانی خەڵکی کورد لە ئێران چەند قات زیاتر و خراپترە بەنیسبەت گەلانی دیکە ، بەڵام شعووری سیاسی و مەدەنیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا دێ زیاتر گەشە دەکا و شکڵی پۆزتیڤ بە خۆی دەگرێ.
هەربۆیە حیزبەکانی کوردستان بە خۆشییەوە زۆرجار بەشێوەی تاکڕەهەندی چاویان لە مەسەلە سیاسییەکانی کوردستان نەکردوەو بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەماوە ١٠ساڵی ڕابردوودا زیاترو جیددیتر هەوڵی داوە بۆ فەرهەنگسازی و متمانە بەخشین بە چالاکانی نێوخۆ.
ئەوەی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گرینگە بێتەفاوەت نەبوونی خەڵک و هاتنە مەیدانی خەڵکە لە بوارە جیاجیاکاندا و تەنانەت لەوبارەشەوە تانەو توانچی لێدراوەو بەڵام ئەمرۆ شاهیدی بەربڵاوی جموجۆڵە مەدەنییەکانی کوردستانین.
بەڕێز ئاسۆحەسەنزادە لە درێژەی قسەکانیدا کۆمەڵێک باسی دیکەی پێوەندیدار بە بەرنامەڕێژیی حیزب و هەروەها پەسندکراوەکانی پلینۆمی هەشتەمی کۆمیتە ناوەندی حدک، بۆ بەشداران شی کردەوە.
دوای وتەکانی دوکتور ئاسۆحەسەنزادە لە گفتگۆیەکی کراوەدا چەند کەس لە بەشداران، ڕاوبۆچوون و تێبینی خۆیانیان باس کرد، کە دواتر لە لایەن بەڕێز ئاسۆحەسەنزادەوە وڵامدرانەوە.
شیاوی باسە لە ڕۆژانی ١٤تا ١٦ی خاکەلێوەی ٩٧ی هەتاوی هەشتەمین پلنیۆمی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بهشداریی ئهندامانی ئهسڵی و جێگر و ڕاوێژکارانی کۆمیتهی ناوهندی و بهرپرسانی بهشێک له ئۆرگانهکانی حیزب بهڕێوەچوو.