دوکتورێکی خەڵکی شاری مەریوان، کە دوکتورای ئاوی ژێرزەوی لە زانکۆی خاڕەزمی شاری تاران هەیە، بە هۆی بێکاری پێنەدانی کار لە پێترۆشیمیی شاری ئەهواز دامەزراوە و ئێستا گەسک لێ دەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، کەسێکی خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوی “سەلاحەدین کامرانی” کە خاوەنی دوکتورای ئاوی ژێرزەوی لە زانکۆی خاڕەزمی شاری تاراندا هەیە، بە هۆی هەڵاواردن و بێکاری، لە پێترۆشیمی شاری ئەهواز گەسک لێدەدا.
ئەو دوکتورە کوردە، ڕۆژی ڕابردوو، لە ویدئۆییەکی یەک خۆلەکیدا، باسی لە چۆنیەتیی خوێندنی خۆی و بێکاربوونی دەکا، کە بە هۆی بێکارییەوە ڕووی لە کاری گەسک لێدان لە پێترۆشیمی شاری ئەهواز کردووە و گلەیی لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکا کە دانەمەزراوە.
شایانی باسە نەبوونی هاوسەنگی و هەماهەنگی لە نێوان بەشەکانی خوێندن و پێویستیی بازاڕی کار لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ لە ئێران دایە و، لە لایەکی دیکەش بە هۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی کاری شیاوی پێنەدراوە.