کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی شاری مەهاباد، بە هۆی دواکەوتنی ٦ مانگ مووچە، ماوەی ٧ ڕۆژە مانیان گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی شاری مەهاباد، ماوەی ٧ ڕۆژە مانیان گرتووە و کارەکەیان بەجێ هێشتووە.
یەکێک لە کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی مەهاباد، لە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ ڕایگەیاند: کرێکارانی ئەو شیرکەتە ماوەی ٦ مانگە مووچەمان وەرنەگرتوو و چەندین جار سکاڵا و گلەییی خۆمان بردووەتە لای خاوەنکاری ئەو پڕۆژەیە و بەڵێنی دانی پارەی پێ داوین بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ نەدراوە.
هەروەها ئەو کرێکارە کوردە دەڵێ، ئێمە سەڕەرای بەڵێنی خاوەنکار لەو بەنداوەدا درێژەمان بە کارکردن داوە، بەڵام ئەوە ماوەی ٦ مانگە پارەیان پێی نەداوین و هەر بێنەوبەرەمان پێدەکا هەر بۆیە ئێمەش ماوەی ٧ ڕۆژە مانمان گرتووە و کارەکەمان بەجێ هێشتووە.
بە قسەی ئەو کرێکارە، “لە ماوەی ئەو یەک حەوتووەدا، هەتا ئێستا نە خاوەنکار و نە لایەنە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی، هیچ بەڵێنییەکی ئەوتۆیان پێ نەداوین و تەنانەت بیمەشیان نەکردووین و چەند جارێک ئەو داواکارییەمان بە نووسراوە پێشکەشی خاوەنکار کردووە، تەنانەت ئەوەشی پشتگۆی خستووە و بۆی جێبەجێ نەکردووین.”
لە لایەکی دیکەوە، حەوتووی ڕابردوو، کرێکارانی شارەداریی شاری سەوڵاواش، بە هۆی دواکەوتنی مووچەی ٨ مانگەیان، لە بەردەم بینای شارەداریی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوایان لە بەرپرسانی شارەداریی کردبوو، سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەکەیان وەڵامدەر بێ.