٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ بە هۆکاری هەژاری و نەبوونی پێداویستییەکانی تایبەت لە خوێندن بە جێماون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ڕێژەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن ئاماری ڕوون و ئاشکرا بڵاو ناکاتەوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی وزارەتی پەروەردە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە ٣ میلیون و ٥٠٠ هەزار منداڵ ناتوانن دەست بە خوێندنی سەرەتایی بکەن.
هەروەها لە ئامارێکی دیکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە کە ١٣٤ هەزار منداڵ لە سەراسەری ئێران، هەر لە قۆناغی سەرەتاییدا وازیان لە خوێندن هێناوە، بنەماڵەکانی ئەو منداڵانە بە پێوەندیگرتن بە قوتابخانەکان، ڕایانگەیاندووە بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە بنێرن.
ئەوە لە حاڵێک دایە ئەو ئامارە لە پێوەندی گرتنی بنەماڵەکاندا دەرکەوتووە و لە لایەکی دیکەشەوە کە منداڵانی بێبەش لە خوێندن لە ناوچە هەژارەکانی ئێران، زۆربەیان ناتوانن پێوەندیی بە ناوەندەکانی خوێندنەوە بگرن و وەزارەتی پەروەردەی ئێرانیش بەدواداچوون ناکا بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە.
ئەحمەد میدری، جێگری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاندووە بەهۆی لەبەر دەستنەبوونی ژمارە بۆ پێوەندی گرتن و نەزانینی شوێنی نیشتەجێبوونی منداڵەکان، چارەنووسی زۆربەی ئەو منداڵانەی کە وازیان لە خوێندن هیناوە نادیارە.
شایانی باسە هەژاری، سەرەکیترین هۆکاری وازهێنان و نەخوێندەواریی زۆربەی منداڵانە و بەهۆی سیاسەتە لاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران لەبارەی پەروەردەدا، زۆربەی نەخوێندەواران لە نەتەوەکانی بەلووچ ،عەرەب و کوردن و هێشتا بە ڕێژەی پێوست بە بەراورد لەگەڵ حەشیمەتی ئەو ناوچانە قوتابخانە ساز نەکراوە.